وڵاتانی عەرەبی ڕەتی دەکەنەوە ڕێگەی زەمینی یان ئاسمانی وڵاتەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت

ئوردن، قەتەر، ئیمارات و سعوودیە، ئیدارەی ئەمەریکایان ئاگادار کردووەتەوە کە نایانەوێت ئەمەریکا یان ئیسرائیل ڕێگەی زەمینی یان ئاسمانی وڵاتەکەیەن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بە پشت بەستن بە دەسەڵاتدارانی عەرەبی ڕایگەیاندووە، تاران لە ڕێگەی چەناڵە دیپلۆماسییە نهێنییەکانەوە هەڕەشەی کردووە و ڕایگەیاندووە، دەوڵەتانی کەنداو کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکرێنە ئامانج؛ ئەگەر ڕێگەی زەمینی یاخود ئاسمانی وڵاتەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە، ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە تاران کردووە،ئەوەش دوای ئەوەی ئێران نزیکەی 180 مووشەکی بالیستیی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا، وایکرد بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل داوای لێدانی تۆڵەسەندنەوەی چڕ بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان یان ژێرخانی نەوت لە تاران بکەن.

لە بەرامبەر ئەم پاشخانە ئێران هۆشداریدا لە وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی، هاووڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج، تۆڵەش لە هەر وڵاتێکی عەرەبی دەکاتەوە ئەگەر بێتو ئاسانکاری بۆ هێرشکردنە سەر خاکەکەی بکەن.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکرد، ئەو وڵاتانەی هۆشدارییان پێگەیشتووە، ئوردن، قەتەر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، شانشینی سعوودیە و چەند وڵاتێکی دیکە کە سوپای ئەمەریکا لەسەر خاکەکانیان جێگیرە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، ئەم وڵاتانە ئیدارەی بایدنیان ئاگادار کردۆتەوە کە نایانەوێت ئەمەریکا و ئیسرائیل، ڕێگەی زەمینیی یان ئاسمانی وڵاتەکەیان لە هیچ ئۆپەراسیۆنێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن و لەو شەڕە تێوەبگلێن.