لە عێراق دۆخی کارەبا خراپتر دەبێت

کۆتایهاتنی وەرزی هاوین و فێنکبوونی کەشەکە وا دەکات عێراقییەکان چاوەڕوانی پێدانی کارەبای زیاتربن، بەڵام بەپێچەوانەوەی ساڵانی ڕابردووەوە، ئەمسال لەگەڵ هاتنی پایز دۆخی کارەبای بەغدا خراپتر بوو، هەندێک جار هاووڵاتیانی بەغدا پێنج کاتژمێر بەسەریەکەوە کارەبایان نییە. خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانیش دەڵێن؛ ڕۆژانە 16 کاتژمێر کارەبا دابین دەکەن، ئەگەر دۆخەکە وابڕوات مۆلیدەکانیان دەکوژێننەوە، چونکە حکوومەت گازیان پێنادات و نرخی گازیش لەبازاڕی ڕەش زۆر گرانە.
لە مانگی ئۆکتۆبەر کەمێک دۆخی کارەبا لە عێراق باش دەبێت بەتایبەتی دوای کۆتایهاتنی هاوین. یاخود ئەو وەرزەی لای خەڵک بەپایز ناسراوە، بەڵام دۆخی کارەبای بەغدا بەپێچەوانەوە خراپتربووە، هەندێک جار پێنج کاتژمێر بەسەریەکەوە کارەبایان دەبڕێت لەبەرامبەردا تەنها یەک کاتژمێر کارەبایان هەیە.
هاووڵاتییەکی بەغدا بە کوردستان24 دەڵێت: "لەمانگی نۆ و 10 هەندێک کەشەکە لە عێراق خۆش دەبێت و فێنک دەبێت، هەربۆیە پێویستە دۆخی کارەبا باشتر بێت، بەڵام بەداخەوە کارەبا نەک باش نەبووە بەڵکو خراپتربووە، دەمانەوێت بزانین هۆکارچییە. لە ناوچەکانی ئێمە بەداخەوە هەندێکجار بڕینی کارەبا دەگاتە پێنج بۆ شەش کاتژمێر.
هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: هەموو ساڵێک لەگەڵ شکانی گەرما و فێنکبوونی دۆخەکە و هاتنی وەرزی زستان گوشار لەسەر کارەبا کەم دەبێتەوە و چاوەڕوانی زیاتر دەکەین. بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە خراپترە نە دەزانین هۆکارەکەی چییە و نەدەزانین ڕوو لەکوێ بکەین.
خاوەنی موەلیدە ئەهلییەکان دۆخیان لە هاووڵاتیان باشترنییە، ئەگەر بەم شێوەیە گوشاریان لەسەربێت ڕەنگە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ناچار بە کوژانەوەی موەلیدەکانیان بن. چونکە گازیان کەم پێ دەدرێت، بەشێک لە گازی عێراقیش وەک خێر بۆ لوبنان دەڕوات، ئەمەش وەک خۆیان باسی دەکەن دۆخەکەی هێندەی دیکە زەحمەت کردووە .
خاوەن موەلیدە موەلیدەکەم نزیکەی 16 کاتژمێر کارپێدەکەم لەوەرزی زستاندا، ئەمەش قورسایی لەسەرم دروستکردووە، لەلایەکی دیکەوە گازمان کەم بۆ تەرخان دەکرێت و ئەوەی پێماندەدرێت لەمانگێکدا بەشی 15 ڕۆژ ناکات، نرخەکەشی لەبازاڕی ڕەشدا گرانە و یەک لیتری بە هەزار و 100 دینارە. هەمووشمان دەزانین گازی عێراق دەنێردرێتە دەرەوە.
دۆسیەی کارەبا یەکێکە لەو دۆسیەیانەی بەبێ چارە ماوەتەوە. پرسیاری هاووڵاتیانیش ئەوەیە تاکەی عێراق بۆ کارەبا چاوی لە دەستی وڵاتانی دیکە بێت، لەکاتێکدایە دۆسیەی کارەبا پەیوەندی بە سەروەری وڵات و هێڵە سوورەکانەوە هەیە، بەڵام بەرپرسانی عێراق دەڵێن حەوت هەزار مێگاوات کارەبا بەگازی ئێرانی کارپێ دەکەن.