بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق سوورن لەسەر ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق جارێکی دیکە درۆنی ئاراستەی بەندەری ئیلاتی ئیسرائیل کرد، بەبێ ئەوەی قەبارە زیانە گیانی و ماددیەکان ئاشکرابکەن، بەرەی مقاوەمە دەڵێت؛ سوورن لەسەر ئەوەی بەربەرەکانێی ئیسرائیل بکەن تا ئەو گەمارۆیەی خستوویەتییە سەر غەززە و لوبنان هەڵ بگرێت. ئەوەی بەفەرمی ئاشکراکراوە، تا ئێستە نیزکەی 40 جار ئەم گروپانە بە درۆن و مووشەک ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و دوو سەربازیشیان کوشتووە.

لەبەرامبەردا، ئیسرائیل تا ئێستە دانی بەخۆیدا گرتووە و وەڵامی گروپەچەکدارەکانی عێراقی نەداوەتەوە، بەڵام هیچ گرەنتییەک نییە ئەم دانبەخۆدا گرتنەی ئیسرائیل تاسەربێت.

لەگەڵ ئەوەش دا، وێنەکە بەو شێوەیەیە کە گروپە چەکدارەکانی عێراق هیچ سنوورێک بۆ هۆشدارییە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان دانانێن و سوورن لەسەر تێوەگلاندنی عێراق لە شەڕێک کە باجەکەی دەکرێت سەرجەم گەلی عێراق بەقورسی بیدەن.

لە بۆنەیەکدا لەسەرزاری بنیامین ناتانیاهۆ و یواڤ گالانتەوە هەڕەشەیان لەو گروپانە کردووە و بەڵێنیانداوە باجی دژومنکارییەکانیان دژی ئیسرائیل بدەن.

لەسەرئاستی حکوومەت، عێراق هیشتا سوورە لەسەر ئەوەی خۆی لە شەڕی ئیسرائیل تێوەنەگلێنێت و ئەو هێزانەشی دەکەونە ژێر چەتری فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە پابەند بەم بڕیارەوە، بەڵام گروپە چەکدارەکان گوێی بە ڕێنماییەکانی حکوومەتی عێراق نادەن وەک ئەوەی فەرمانیان لەجێگەیەکی دیکەوە بۆ بێت یاخود لە بنەڕەتدا مانەوەیان پەیوەست بێت بەو هێرشانە دەیکەنە سەر ئیسرائیل.

سیناریۆکانی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ گروپە عێراقییەکان مشتومڕهێنەرە بەو پێیەی؛ سیناریۆیەک باس لە وەشاندنی گورز لەسەرکردەکانی ئەم گروپان دەکەن هەر وەک ئەوەی ئسیرائیل دژی حیزبوڵای لوبنانی دەیکات، سیناریۆیەکی دیکەش لێدانە لە ژێرخانە سەربازی و ئەمنییەکانیان بەئامانجی لاوازکردن و لە پەلوپۆخستنیان. ترسناکترین سیناریۆش لێدانە لە بەندەرەکانی عێراق بەو پێیەی دەنگۆی بەکارهێنانیان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە هەیە، لە ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە ئابووری عێراق تەواو پەکی دەکەوێت، چونکە لەسەدا 95ی ئابووریەکەی پشتی بە نەوت بەستووە، بەندەرەکانی بەسڕەش تاکە دەلاقەی هەناسەی ئابووری عێراقن، لە ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە پێشبینی دەکرێت ئابووری عێراق تووشی ئیفلجی بێت و دەیان ساڵ بگەڕێتەوە دواوە.

 
Fly Erbil Advertisment