زیاتر له‌ سه‌دا 15ـی منداڵانی عێراق به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه‌ له‌ 2024ـدا ڕووبه‌ڕووی كورته‌باڵایی بوونه‌ته‌وه‌

منداڵانی عێراق
منداڵانی عێراق

پێوەرەکانی برسییه‌تی جیهانی دوایین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، نمره‌ی عێراق له‌سه‌ر پێوه‌ره‌كانی برسییه‌تی به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو، زیادی كردووه‌.

هه‌ینی، 11ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، "پێوەرەکانی برسییه‌تی جیهانی" دوایین ڕاپۆرتی خۆی بۆ ساڵی 2024 بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، نمره‌ی عێراق له‌سه‌ر پێوه‌ره‌كانی برسییه‌تی به‌راورد به‌ ساڵی 2023، شه‌ش نمره‌ زیادی كردووه‌.

پێوەرەکانی برسییه‌تی جیهانی ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، نمره‌كانی عێراق له‌ ساڵی 2023 بریتی بووه‌ له‌ 1.1، به‌ڵام له‌ ساڵی 2024، بووه‌ته‌ 14.9 و به‌ گشتی پێوه‌ره‌كانی برسییه‌تی له‌و وڵاته‌ له‌م ساڵدا گەیشتووەتە 13.8، بەو پێیەی تا ژمارەی خاڵەکان زیاتر بێت، بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی برسییه‌تی زیاتر ده‌بن.

عێراق ئه‌م ساڵه‌ له‌ ڕیزبه‌ندی پێوەرەکانی برسییه‌تی جیهانییدا له‌ كۆی 127 وڵات، پله‌ی 70ـی وه‌رگرتووه‌، له‌ كاتێكدا ساڵی ڕابردوو له‌ پله‌ی 64ـدا بوو.

خاڵەکانی عێراق بەپێی پێوەرەکان بە پشتبەستن بە بەدخۆراکی دابەش کراون و ڕوون كراوه‌ته‌وه‌ ڕێژه‌ی 16.1%ـی دانیشتووانی عێراقە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، ڕێژه‌ی 15.5%ـی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ ڕووبه‌ڕووی كورته‌باڵایی بوونه‌ته‌وه‌ و ڕێژه‌ی 4%ـی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵان بەدەست په‌راوێزخستنه‌وه‌ دەناڵێنن و ڕێژه‌ی 2.4%ـی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵان به‌ر له‌وه‌ی ببنه‌ پێنج ساڵ، ده‌مرن.