دووەمین هەڵمەتی دژە ئیفلیجی منداڵان لە غەززە بەڕێوەدەچێت

پێدانی ڤاکسینی دژە ئیفلیجی بە منداڵانی غەززە (وێنە: ئەرشیف)
پێدانی ڤاکسینی دژە ئیفلیجی بە منداڵانی غەززە (وێنە: ئەرشیف)

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی 11ی تشرینی یەکەمی 2024، ڕایگەیاند، هەڵمەتی نوێی ڤاکسین کردنی منداڵانی کەرتی غەززە لە دژی ئیفلیجی بڕیارە لە دووشەممەوە دەست پێ بکات، بەڵام هەڵمەتەکە بەهۆی بەردەوامی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل، ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر دەبێتەوە.

لەمبارەوە دکتۆر ڕیک بێبریکۆرن، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە فەڵەستین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە لە ئاست ئەوە پێشهات و بەردەوامییەی شەڕ لە باکووری غەززە نیگەرانین.

نوێنەرەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هیواخوازە لایەنەکانی شەڕ پابەندی ئاگربەستێکی مرۆیی بن لە پێناو بەڕێوەچوونی هەڵمەتی ڤاکسین کردنی منداڵان، هەورا ئاماژەیداوە، بەشێک لە بنکە تەندروستییەکانی باکووری کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل هۆشداری پێداون کە دەبێت چۆڵیان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، جان گۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی یونیسێف ڕایگەیاندووە، ئەمجارە دۆخە لەڕووی مەیدانییەوە زۆر ئاڵۆزترە لە جاری پێشوو.

دەشڵێت: جگە لەوەی پێویستە لە باکووری کەرتی غەززە ڕێز لە ئاگربەستی مرۆیی بگیرێت، گرنگە خەڵکەکەش ناچار نەکرێن بەرەو شوێنێکی دیکە کۆچ بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین هەر هیچ نەبێت %90 ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار 10 ساڵانە ڤاکسین بکەین.

دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ، یەکەم حاڵەتی تووشبوونی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان لە کەرتی غەززە تۆمارکراو، بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نەخۆشییەکەش یەکەم قۆناغی هەڵمەتی ڤاکسین کردنی منداڵان لە ئەیلوولی ئەم ساڵ بەڕێوەچوو کە 560 هەزار منداڵی خوار دە ساڵ پێکووتەی یەکەمیان پێدرا و بۆ بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەش ئاگربەستێکی مرۆیی لە چەند ناوچەیەکی دیارکراوی غەززە کرا تاوەکوو پرۆسەی یەکەم بە هەر سێ قۆناغەکەی باکوور، ناوەڕاست و باشوور تەواوکرا.

شەڕی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد و بە گویرە ئامارەکانی حکوومەتی ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە هەزار و 206 کەس کوژران، بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 42 هەزار فەڵەستینی کوژراون و کۆی بریندارانیش لە 98 هەزار نزیک بووەتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment