مەسرور بارزانی: حکوومەت کاری زیاتر بۆ بایەخدان بە زانکۆکان و شوێنی حەوانەوەی قوتابییان دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی خولی 43ـیه‌مینی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی خولی 43ـیه‌مینی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین

سەرۆک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاستی خوێندن بەرەوپێش دەبەین و حکوومەت بە هەموو توانەکانی بەردەستی هاوکار دەبێت. هاوکات دەڵێت: سوپاس بۆ مامۆستایان کە لەکاتی قەیرانەکاندا نیانهێشت پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت.

هەینی 11ـی تشرینی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی خولی 43ـیه‌مینی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین بە ناونیشانی (خولی زانست، داهێنان و بنیادنان) لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوە چوو.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددیندا، گوتارێکی پێشکەش کرد و وێرای پیرۆزباییکردن لە دەرچووان و کەسوکارەکانیان ئاماژەی بەوە دا، ئەم سەرکەوتنە بۆ قوتابییان لەو قۆناغەی ژیانیان سەرکەوتنێکی گەورەیە، دەبێت هەستێکی خۆشتان هەبێت کە بەرهەمی ڕەنج و ماندوبوونی خۆتان بببینن، شانازیتان پێوە دەکەین.

قەرەبووی ماندوبوونی مامۆستایان دەکەینەوە

مەسرور بارزانی، سوپاسی سەرجەم مامۆستایان دەکات و دەڵێت: مامۆستایان لەکاتی قەیراندا نەیانهێشت خوێندن پەکی بکەوێت و بەردەوام بوون لە پێدانی وانە بە قوتابییان، هەروەها سەڕارەی ماندوبوونیان نەیانهێشت ڕەنجی قوتابیان بەفیڕۆ بچێت.هاوکات گوتی: قەرەبووی ماندوبوونی مامۆستایان دەکەیەنەوە.

لەبارەی بەرەوپێشبردنی ئاستی خوێندن، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەمانەوێت ئاستی خوێندن لە کوردستان بەرەوپێش بەرین، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی متمانەبەخشینمان دامەزراندووە، بۆ ئەوەی ئاستی خوێندی باڵا بە پێوەر و ستانداردی نێودەوڵتیی بکرێت، جێگەی خۆشحاڵیشە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی زانکۆکانیش بەرەو پێش دەچێت.

ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەت هەموو هەوڵێک دەدات گرنگییەکی زیاتر بە زانکۆکان و شوێنی حەوانەی قوتابییان بدات، هاوکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن لە هەموو ڕوویەکەوە درێغی ناکەین.

گرنگە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە خزمەتی گەل و نیشتمان دەکات

مەسرور بارزانی، لە درێژەی گوتارەیەکدا پەیامێکی ئاراستەی دەرچووان کرد و گوتی: ئەمڕۆ قۆناغی خوێندتان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند، بەڵام پێ دەنێنە تاقیکردنەوەیەکی دیکە ئەویش دەنگدانە، پێویستە هەموو بەشداری بکەن لە دەنگدان، زۆرینەتان یەکەمجارە بەشداری دەکەن لە دەنگدان و، گرنگە دەنگ بدەن چونکە ئەوە مافی ئێوەی خۆشەویستە.

باسی لەوەش کرد، ئێوە ئێستا بەو زانستەی کە فێریبوون دەتوانن خوێندنەوەیەکی باشترتان بۆ ڕووداوەکان هەبێت، گرنگە لە 20ـی ئۆکتۆبەر دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە خزمەتی گەل و وڵات دەکات.

لەبارەی هەڵبژاردنەوە جەختی لەوە کردەوە، ئەم ‌هەڵبژاردنە بۆ هەموومان گرنگە، هەر بڕیارێک لەم هەڵبژاردنە بدرێت چارەنووسی وڵاتمان دیاری دەکات، دەنگدەران دەتوانن دەستنیشانی ئەوە بکەن کە کێ حوکمڕانی داهاتوویان بێت، پێویستە هەموو لایەک دەنگ بدەن بۆ ئەوەی خەڵکێکی دیکە لە بری دەنگدەران بڕیار نەدەن.

دەتوانین پێکەوە وڵاتێک بۆخۆمان دروست بکەین کە نموونە بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لەبارەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە بارودۆخێکی ناخۆش تێدەپەڕن، بەڵام ئێمە لە پێشوشدا بارودۆخی لەو شێوەیەمان بینیوە و تێمانپەڕاندوون، لەمەدوا بە بوونی ئێوە و هێزی ئێوە دەتوانین وڵاتێکی خۆشتر و باشتر بۆخۆمان دروست بکەین، کەس ناتوانێت وڵاتمان بۆ دروست بکات ئەگەر خۆمان نەمانەوێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، گرنگە بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم وڵاتە هی هەمووانە، دەتوانین پێکەوە وڵاتێک بۆخۆمان دروست بکەین کە نموونە بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها دەرچووان دەتوانن بەشدار بن لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕۆڵی خۆتان بگێڕن،  بۆ ئەوەی بەیەکەوە کوردستانێک دروست بکەین، ئارام، ئاشتیخواز و پێشکەوتوو بێت.

لە کۆتایی گوتارەیەکەیدا، مەسرور بارزانی، بە گەشبینییەوە ئاماژەی بەوە کرد، دڵنیام ئێوە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە خاوەنی وڵاتێکی خۆشتر و  گەشەسەندوتر. هەروەها حکوومەت بەردەوام یارمەتیتان دەدات و هەلی کارتان لە کەرتی گشتی و تایبەتدا بۆ دەڕەخسێنێت.

پێنج هەزار و 554 قوتابی زانکۆکە ئەمڕۆ ئاهەنگی دەرچوونیانە، هەروەها زانكۆی سەڵاحەددین لە 16 كۆلێژ و 86 بەش پێک دێت. دەرچووان لە 15 كۆلێژی جیاواز بڕوانامەی دەرچوونیان پێ دەبەخشرێت.

زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین سەرەتا لە ساڵی 1968 لە شاری سلێمانی دامەزرا، بەڵام لە ساڵی 1981 گواسترایەوە ھەولێر و یه‌كێكه‌ لە ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی زانكۆكاكان و جۆری خوێندن له‌م زانكۆیه‌ به‌و پێیه‌ی حكوومییه‌ به‌خۆڕاییە و ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری قوتابییانی به‌شه‌ زانستی و وێژه‌یی و پیشه‌ییه‌كان وه‌رده‌گرێت.

دەقی گوتارەكەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
قوتابیانی خۆشەویست
سەرۆك و ئەنجوومەنی زانكۆی سەڵاحەدین
مامۆستا و ستاف و فەرمانبەرانی زانكۆ
بنەماڵە و كەسوكاری سەربەرزی قوتابیان
ئامادەبووانی هێژا
ئێوارەی هەموو لایەكتان باش

زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەشدارم لەگەڵتان لە ئاهەنگی خولی 43ی دەرچووانی قوتابیانی زانكۆی سەڵاحەدین. پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیانی خۆشەویست دەكەم، پیرۆز بێ لە هەمووتان.
بێگومان ئەم سەركەوتنە بۆ ئێوە لەم قۆناغەی ژیانتان، سەركەوتنێكی گەورەیە و دەبێ هەستێكی خۆشتان هەبێ كە مرۆڤ بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی خۆی ببینێت. لەبەر ئەوە هەقە شانازیی بە خۆتانەوە بكەن، هەموومان شانازیتان پێوە دەكەین. جارێكی تر ئەم سەركەوتنە لە هەمووتان پیرۆز بێت.
جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو مامۆستایانی بەڕێز بكەم كە ئەم ساڵانەی رابردوو سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین قەیران و ناخۆشی بووین، نەیانهێشت خوێندن دوابكەوێت و بەردەوام بوون لە فێركردن و پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویست، سەرەڕای ئەوەی ژیانیان ناخۆش بووە، سەرەڕای ئەوەی كە نەیانتوانیوە وەكوو پێویست لە بواری پێگەیاندنی ژیانی خۆیان بتوانن بەردەوام بن، بەڵام نەیانهێشتووە كە ئێوەی خۆشەویست، قوتابیانی خۆشەویست بە هیچ جۆرێك تووشی ناخۆشی و دواكەوتن بن لە خوێندن، لەبەر ئەوە جێی خۆیەتی هەر هەموومان، قوتابیان و هەموو ئامادەبووان سوپاسی مامۆستایان بكەین و چەپڵەیەكی بەهێز بۆ مامۆستایان لێ بدەین.
دەستخۆشیی لەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم كە بەردەوامبوون لە پێگەیاندنی قوتابیان و دڵنیان لەوەی كە داهاتووی وڵاتەكەمان بەدەست ئەم قوتابیانەوە دەبێت، بۆیە من سوپاسیان دەكەم و دڵنیایان دەكەمەوە ئەوەی لە دەستی حكوومەت بێت، ئەوەی لە دەستی ئێمە بێت بۆ پشتیوانیكردن لە مامۆستایان، درێغی ناكەین و ئینشائەڵا قەرەبووی زەحمەت و ئەو ئازارەی چەشتوویانە، دەكەینەوە.

بەڕێزان؛
ئێمە دەمانەوێ ئاستی خوێندن لە كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان كارا كردووە و دامەزراندووە تاكوو ئاستی خوێندن لە هەموو زانكۆكانی كوردستان و دامەزراوەکانی پەروەردە بە پێوەر و ستانداردێكی نێودەوڵەتی بەرەوپێشەوە بچێت.
دەزانین كەموكورتی لە پێداویستییەكانی خوێندن و لە زانكۆكان و شوێنی حەوانەوەی قوتابیان هەیە، بەڵام حكوومەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەو توانایەی كە دێتە دەست حكوومەت، گرنگییەكی زیاتر بە زانكۆكان و شوێنی حەوانەوەی قوتابیان بدەین و ئەوەی پێمان بكرێ بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن لە هەر رووێكەوە بێ، ئێمە درێغی ناكەین جارێكی تر.

قوتابیانی خۆشەویست؛
ئێوە قۆناغێكی گرنگی ژیانی خۆتان تێپەڕاند و دەستخۆش و سەركەوتوو بوون، بەڵام پێ دەنێنە قۆناغێكی تر لە ژیان كە پڕە لە تاقیكردنەوە و لە زەحمەت و لە خۆشی و ناخۆشی. یەكەم تاقیكردنەوە چەند رۆژێكی تر دەست پێدەكات، ئەویش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە. زۆر لە ئێوەی خۆشەویست لەوانەیە بۆ یەكەمجار بێت بەشداریی بكەن لە دەنگدان، بەڵام گرنگە دەنگ بدەن، چونكە ئەمە مافی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەیە، مافی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستە، چونكە ئێوە ئێستا دەتوانن بەو زانستەی فێر بوون، خوێندنەوەیەكی جیاوازتر و باشترتان بۆ رووداوەكان هەبێت. دەتوانن خوێندنەوەیەكی باشتر بۆ پێشهات و رووداوەكانی داهاتوو بكەن، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەمووتان بچن و لە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەر دەنگ بدەن بەو لایەنەی كە پێتانوایە دەتوانێت خزمەتی گەل و وڵاتەكەمان بكات و وڵاتەكەمان بپارێزێت، ئارامی و ئاوەدانی بۆ وڵاتەكەمان بێنێت، هیوادارم هەمووتان، بە كەسوكارەكانتان، بە دۆست و ناسیارەكانتان، لەو رۆژە بەشدار بن لە بڕیاردان لەسەر دیاریكردنی چارەنووسی وڵاتەكەمان. ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێو ە و هەموومان گرنگە، چونكە هەر وڵاتێك لەم هەڵبژاردنە بدرێت، چارەنووسی وڵاتەكەمان دیاری دەكات، شێوازی حكوومڕانیی دیاری دەكات كە دوای ئەم هەڵبژاردنە بۆ چوار ساڵ حكوومەتێك حكوومڕانی دەكات و لە جیاتی هەموو هاووڵاتیان بڕیار دەدات، بەڵام ئێستا دەستنیشانكردنی ئەو حكوومەتە بە دەستی ئێوەیە. ئێوە دەتوانن دەستنیشانی بكەن چ جۆرە حكوومەتێكتان دەوێ؟ دەتانەوێ كێ لە جیاتی ئێوە بڕیار بدات؟ كێ بۆ نەوەی داهاتوو بڕیار بدات؟ گرنگە بەشدار بن بۆ ئەوەی خەڵكێكی تر لە جیاتی ئێوە بڕیار نەدات. داواتان لێ دەكەم هەمووتان بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە بكەن، بێگومان من دڵنیام كە بە بەشداریی ئێوە، بڕیاری دروست دەدرێت.

قوتابیانی خۆشەویست؛
وڵاتی ئێمە و ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی، بە دۆخێکی ناخۆش و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئێمە لەمەوپێشیش دۆخی ناخۆش و قەیرانمان بینیوە، ئەو قەیرانانە تێپەڕین و ئێمە هەر ماوین. لەمەودواش بە بوونی ئێوە و هێزی ئێوە دەتوانین وڵاتێكی خۆشتر و باشتر بۆ خۆمان دروست بكەین، كەس ناتوانێت وڵاتمان بۆ دروست بكات و بەرەو پێشەوە ببات ئەگەر خۆمان نەبین، هیچ وڵاتێك پێش نەكەوتووە ئەگەر خەڵكی ئەو وڵاتە نەیانویستبێت پێش بكەون، هیچ وڵاتێك نەیتوانیوە خۆڕاگر بێت ئەگەر بڕیاری خۆڕاگری نەدابێت. بۆیە گرنگە ئێمە بیر لەوە بكەینەوە كە ئەم وڵاتە هی هەموومانە، هی تاك بە تاكی ئێوەیە، چاوتان لەوە نەبێت كەس بێت لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات، دەتوانین وڵاتێك بۆ خۆمان دروست بكەین كە نموونە بێت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی جیهانیش، ئێوە دەتوانن ئەوە بكەن، چونكە بڕوام بە توانای ئێوە هەیە، بڕوام بە زانستی ئێوە هەیە، ئێوە ئێستا خاوەن هزر و بیری خۆتانن، دەتوانن بڕیار بدەن، دەتوانن بەشدار بن، لە كەرتی گشتی و لە كەرتی تایبەت دەتوانن بەشدار بن و رۆڵی كاریگەری خۆتان بگێڕن. حكوومەت دەتوانێت یارمەتیتان بدات، بەڵام لە ئەنجامدا هەموومان دەبێ هەر یەكێك لە هەر شوێنێك بین، رۆڵی خۆمان بگێڕین و بەیەكەوە كوردستانێك دروست بكەین كە كوردستانێكی ئارام و ئاشتیخواز و پێشكەوتوو بێت.
من نامەوێ زیاتر لەوە كاتی ئێوە بگرم، بەڵام دڵنیام كە ئێوە دەتوانن لە داهاتوودا ببن بە خاوەنی وڵاتێكی خۆشتر و گەشەسەندووتر. پێش ئێوەش من چەندین قوتابیم بینیوە كە بڕیاریان داوە خۆیان بچن و كار بۆ خۆیان دروست بكەن، حكوومەت یارمەتی داون و هەلی كاری بۆ رەخساندوون، زۆر سەركەوتوو بوون. پێش چەند رۆژێك من چووم سەردانی هەندێك لەو گەنجانەم كرد كە بەشدار بوون لە پرۆژەی (گەشانەوە) کە بە هاوكاری و پشتیوانیی حكوومەت، ئێستا خۆیان خاوەنی كاری خۆیانن. كە ئەوان توانییان بیكەن، ئێوەش دەتوانن بیكەن. ئێوە دەتوانن سەركەوتوو بن.
لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم، هەر سەركەوتوو بن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.