ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزادانی کەرتی نەوت و پترۆکیمیایی ئێرانی ڕاگەیاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گەمارۆ نوێیەکانی ئەمەریکا 10 قەوارە لەخۆ دەگرێت و هەروەها 17 کەشتی وەک موڵکی قەدەغەکراو دیاری کردووە.
بەگوێرەی گەنجینەی ئەمەریکا، گەمارۆکان کڕین، فرۆشتن، گواستنەوە، یان بەبازاڕکردنی نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێرانەوە سنووردار دەکەن و بەشێکی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەگرێتەوە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر زیاتر لە دەیان قەوارە و کەشتی سەپاند، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانیان لە گواستنەوەی نەوتی خاو و گازی شلی ئێران بۆ سووریا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە نوێنەرایەتی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵلای لوبنان.
برادلی سمیس، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی تیرۆر و هەواڵگری دارایی بە وەکالەت، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت بە نایاسایی و گازی شل لەلایەن سوپای پاسداران و حزبوڵلای لوبنان، بۆ دابینکردنی بودجە بۆ بریکارەکانی.
لای خۆیەوە جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سزا نوێیەکانی سەر ئێران دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر ئیسرائیل یارمەتیدەر دەبێت.
سولیڤان لە بەیاننامەیەکی کۆشکی سپیدا گوتی: لە دوای ئەو هێرشەوە ڕاوێژمان لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان کردووە، لەوانەش پەیوەندییەکەی نێوان جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و هاوتاکانی لە گروپی حەوت و ئەمڕۆش وەزارەتەکانی گەنجینەی و دەرەوە، ڕێوشوێنی گرنگ بۆ لێدانی بازرگانی وزەی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەرتر دەگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە سزاکان بریتییە لە "کەشتی تارمایی" کە نەوتی نایاسایی ئێرانی دەگوازێتەوە بۆ کڕیاران لە سەرانسەری جیهان.
ناوبراو دەشڵێت: ئەم ڕێوشوێنانە یارمەتیدەر دەبن بۆ بێبەشکردنی زیاتری ئێران لەو سەرچاوە داراییانەی کە بۆ پشتیوانیی لە بەرنامە مووشەکییەکانی بەکاردێت و پاڵپشتی لەو گرووپە تیرۆریستییانە دەکەن کە هەڕەشە لە ئەمەریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی دەکەن.