نیکاراگوا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند
بەهۆی شەڕی غەززە کە زیاتر لەساڵێکە بەردەوامە، نیکاراگوا ڕایگەیاند، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنێت.
ڕۆزاریۆ موریلۆ، جێگری سەرۆک و هاوسەری دانیال ئۆرتیگا، سەرۆکی نیکاراگوا بە مێدیاکانی وڵاتی ڕاگەیاندووە: "سەرۆکمان داوای لە وەزارەتی دەرەوە کردووە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فاشیست و تاوانکاری ئیسرائیل بپچڕێنێت" ئاماژەی بەوەش کرد کە " ئیسرائیل جینۆسایدی کردووە".
ئەم بڕیارە بە پلەی یەکەم سیاسییە، بەو پێیەی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات، وەک نەبوو وایە، چونکە ئیسرائیل باڵیۆزی لە ماناگوا نییە.
لە 28ـی ئاداری 2017دا نیکاراگوا و ئیسرائیل پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەست پێ کردەوە، دوای ئەوەی ئۆرتێگا لە ساڵی 2010ەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پچڕاندبوو.
مەکسیک
لەلایەکی دیکەوە کلاودیا شینباوم، سەرۆکی نوێی مەکسیک، دوێنێ هەینی داوای کرد: "دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دابنرێت لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
شینباوم، لە یەکەم لێدوانیدا لەسەر ئەو بابەتە لە دوای دەستبەکاربوونی گوتی: "دەوڵەتی فەڵەستین دەبێت هەروەک دەوڵەتی ئیسرائیل دانی پێدا بنرێت".
شینباوم ئیدانەی دۆخە ئاڵۆزەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و ڕایگەیاند: " هەرگیز جەنگ بەرەو ئاراستەیەکی باشت نابات".
ئەو سەرۆکە چەپە بەڕەچەڵەک جوولەکەی ئەورووپییە، بەڵام عەلمانییەتی خۆی ڕاگەیاندووە، لە مانگی یەکی ساڵی 2009 لە پەیامێکی گشتیدا ڕەخنەی لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشووتری ئیسرائیل لە کەرتی غەززە گرتووە.