هاووڵاتییانی زیقار لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە گومانن
دوای ساڵانیکی زۆر، ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار دەنگی لەسەر بڕیاری سوودمەندبوونی کۆمەڵایەتی لە کێڵگە نەوتییەکان دا، کە پێشبینی دەکرێت بەهای بڕیارەکە 80 ملیۆن دۆلار بێت.
پرۆژەکە تایبەتە بە دابینکردنی خزمەتگوزاری لەو شوێنانەی کە نزیکن لە کێڵگە نەوتییەکانەوە. بەڵام هاووڵاتیانی زیقار گومانیان هەیە، ئەم جارەش وەک جارەکانی دیکە پارەی پرۆژەکە بچێتە گیرفانی چەند بەرپرسێکەوە و ئەوانیش دەستبەتاڵ دەرچن.
دوای ساڵانیکی دووروودرێژ و تێپەڕبوونی چەند خولێکی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار دەنگی لەسەر بڕیاری سوودمەندبوونی کۆمەڵایەتی لە کێڵگە نەوتییەکان دا، کە پێشبینی دەکرێت بەهای بڕیارەکە 80 ملیۆن دۆلاربێت. بڕیارەکە دەبێتە هۆکاری ڕزگاربوونی هەزاران خێزانی پارێزگای زیقار لە کەمی خزمەتگوزاری.
ئەحمەد خەفاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاری لەسەر یاسای سوودمەندبوونی کۆمەڵایەتی لە کێڵگە نەوتییەکان دا، ئەم یاسایە دەبێتە هۆی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی پەروەردە و تەندروستی و سەوزکردنی ڕووبەرەکان، ئەم پرۆژانە لەو ناوچانە جێبەجێ دەکرێن کە دەکەونە نزیکی کێڵگە نەوتییەکانەوە.
خەڵکی پارێزگای زیقار ترسیان لەوە هەیە، ئەو پارەیەی لەم پرۆژەدا هەیە، هاوشێوەی پرۆژەکانی دیکە بەهەدەر بدرێت و بە گوێرەی پێویستیش نەبێت، چونکە بە گوێرەی ئەو داتا و ئامارانەی دەستەی دەستپاکیی لە ماوەکانی پێشوودا لە زیقار ئاشکرای کردوون، بە هەدەردان لە پرۆژەکانی ئەم پارێزگایەدا ڕوویان داوە. لەم ڕووانەگەوە هاووڵاتییانی زیقار داوا دەکەن لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە سەرپەرشتی ئەم پرۆژە نوێیە بکرێت و ڕێگری بکرێت لەوەی پارەکەی بچێتە گیرفانی گەندەڵکارانەوە .
هاووڵاتییەک گوتی: "پێویستە جێبەجێکردنی یاسای سوودمەندی کۆمەڵایەتی لە ژێرچاودێری دەستەی دەستپاکیی و لیژنەکان بێت تا بەڕێکی کارەکانی بکات و دوور بێت لە گەندەڵی".
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: " پێویستە پارەی ئەم پرۆژەیە لەجێگەی خۆیدا خەرجبکرێت، بکرێتە خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی لەو شوێنانەی نزیکن لە کێڵگە نەوتییەکانەوە".
هاووڵاتیانی ئاسایی زیقار زەرەرمەندی سەرەکی لەو دووکەڵەیەن کە لە کێڵگە نەوتیەکانەوە بەرزدەبێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکیان لە خزمەتگوزاری و نەخۆشخانە و کەرتەکانی دیکە بۆ دابین کرابێت. ئەم دووکەڵەی دەچێتە ئاسمان وەک ژەهرە و کۆتایی بەژیانی زۆرێک هێناوە.