ئەمەریکا؛ سەربازێک بەتۆمەتی هاوکاریی داعش بە 14 ساڵ زیندانی سزا دەدت
وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەربازێکی ئەمەریکی بە تۆمەتی یارمەتیدانی داعش بۆ پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئەمەریکییەکان و بۆسەدانانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە 14 ساڵ زیندان سزا درا.
بەگوێرەی میدیا ئەمەریکییەکان، ئەو سەربازە ئەمەریکییە دانی بەوەدا ناوە کە هەوڵی یارمەتیدانی داعشی داوە بۆ پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر شوێنە گرنگەکانی شاری نیویۆرک، لە نێویاندا مۆنیمێنتی یادەوەریی 11ـی سێپتەمبەر لە مانهاتن، جگە لەوەی یارمەتی ئەو گرووپەی داوە کە هێرشی کوشندە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.
دامیان ویلیامز، داواکاری گشتی ناوچەی باشووری نیویۆرک ڕایگەیاند، کۆل بریدجز، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پشتیوانیی ماددی بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و هەوڵدان بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمەریکا، سزای 14 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
بریدجز، سەربازی پلە یەکی تایبەت بووە لە سوپای ئەمەریکا، کە لە ئەیلوولی 2019ەوە پەیوەندی بە سوپای ئەمەریکاوە کردووە، لە پێش ئەوەی پەیوەندی بە سوپای ئەمەریکاوە بکات، بە ئۆنلاین پشتیوانیی خۆی بۆ داعش دەربڕیووە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020، نزیکەی ساڵێک دوای ئەوەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی سوپاوە کرد، بریدجز، لە ڕێگەی ئەپی نامە ناردنی کۆدکراو، دەستی کرد بە پەیوەندیی لەگەڵ کەسێک کە پێی وابوو لایەنگری داعشە، بەڵام لە ڕاستیدا بریکاری نهێنی FBI بوو لەو پەیامانەدا بێزاریی خۆی لە سوپای ئەمەریکا دەربڕی و خواستی خۆی بۆ یارمەتیدانی داعش بۆ نەهێشتنی سەربازە ئەمەریکییەکان دەربڕیوە.
جگە لەوەی بەشێک لە کتێبی مەشقی سوپای ئەمەریکا و ڕێنماییەکانی سەبارەت بە تاکتیکی سەربازی ئەمەریکا بۆ ئەفسەرە نهێنییەکە باس کردووە، داواکاری گشتیی فیدراڵی دەڵێت: بریدجز، ئامۆژگاری کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی باشترین شێوازی هێرش، لەنێویاندا لەسەر ئامانجە ئەگەرییەکان لە شاری نیویۆرک؛ کاتێک سەبارەت بە کاریگەرترین هێرشەکان پرسیاری لێ کراوە ، گوایە بریدجز وەڵامی داوەتەوە و گوتیەتی: "لێدان لە دڵی دوژمن، ناردنی لێدوان و پەیامێکی ڕوون بۆ فەرماندەکان."
بەرپرسانی نیویۆرک دەڵێن: لە نامەیەکی تردا بریدجز، پێشنیاری کرد بێتە نیویۆرک بۆ ئەوەی لەگەڵ چەکدارێکی داعش کۆببێتەوە کە پێیوابووە پەیوەندیی لەگەڵدا هەبووە و لەو کاتەدا گفتوگۆکان گۆڕا بۆ ئامانجە ئەگەرییەکان لە شاری نیویۆرک.
هەروەها لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا، ئەو بریکارە نهێنییە وێنەی باڵەخانەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە ناوچەی نیویۆرک سیتی و دەوروبەری بۆ بریدجز ناردووە و باسی لەوە کردووە: "هەموو شتێک لە نزیکەوە پاسەوانی توند دەکرێت، کە تەنانەت نازانم دەتوانرێت ئۆپەراسیۆنێک بکەین یان نا لە شاری نیویۆرک".
گوایە بریدجز، کە بە کۆل گۆنزالێز ناسرابوو، ئامۆژگاری بریکارەکەی کردووە: "بە ژیرانە ئامانجەکانی هەڵبژێرێت" و پرسیاری لەبارەی ئامانجە ئەگەرییەکانی دیکە کردووە کە لەبەرچاو دەگیرێن، یەکسەر ڕوون نەبووەتەوە کە کام باڵەخانەی حکوومەت بابەتی داهاتووی گفتوگۆکانە، بەڵام بریدجز گوتیەتی: "ئامانجەکانی دیکە پێویستی بە هێز نییە".
لە مانگی کانوونی دووەمدا، بریجز دەستی کرد بە پێدانی ڕێنمایی چەکدارانی داعش بۆ چۆنیەتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و کوشتنی سەربازەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش داڕشتنی پلان بۆ مانۆڕی سەربازی تایبەت کە یارمەتی تیرۆریستان دەدات هێرشی کوشندە بۆ سەر سەربازەکان بکەن.
هەروەها لە مانگی یەکی ساڵی 2021، بریدجز گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی ناردووە، کە سەڵتەیەکی گوللەنەبڕی لەبەردایە و لەبەردەم ئاڵای داعش وەستاوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕەمزییە بۆ پشتیوانیکردن لە داعش.
دوای نزیکەی هەفتەیەک، بریدجس، ڤیدیۆی دووەمی ناردووە کە تێیدا ئامێرێکی دەستکاریکردنی دەنگی بەکارهێنا بۆ گێڕانەوەی وتارێکی پڕوپاگەندەیی بۆ پشتیوانییلە بۆسەیەکی چاوەڕوانکراوی داعش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.