غەززە.. لە سەرەتای شەڕەوە تا ئیستە زیاتر لە 140 هەزار کەس کوژراو و بریندار بوون
تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تاکو ئێستە زیاتر لە 42 هەزار کوژراو و زیاتر لە 98 هەزار کەسیش بریندار بوونە.
شەممە، 12ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە ڕایگەیاند: "لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل، بۆسەر کەرتی غەززە بۆ 42 هەزار و 175 کەس کوژراو بەرز بووەتەوە و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 98 هەزار و 336 بریندار.
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ماوەی 24 کاتژمێردا 49 کوژرا و 219 بریندار هێندراونەتە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، لە ئەنجامی 5 کۆمەڵکوژی داگیرکاریی ئیسرائیل کە لە دژی فەڵەستینییەکان کراون".
تەندروستی غەززە دووپاتی کردەوە: "هێشتا ژمارەیەک قوربانی لە ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماون و تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە لایان".
جگە لە کوژراو و بریندارەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، هەزاران کەس بێسەروشوێنن و بە هەزارانیش ماڵەکانیان جێهێشتووە و ئاوارە بوون، لەگەڵ وێرانبوونی باڵەخانە و ژێرخانی نیشتەجێبوون و برسێتیی کوشندە، بەتایبەتی لە باکوور، کە بووە هۆی مردنی منداڵان و بەساڵاچووان.
هەروەها ئیسرائیل لە بێڕێزیی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵکوژییەکانی لە غەززە بەردەوامە، هەروەها بە پشتگوێخستنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی شەڕ، جگە لە فەرمانەکانی دادگای نێودەوڵەتی بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕێگریی لە جینۆساید و باشترکردنی دۆخی کارەساتباری مرۆیی لە غەززە.