سوودانی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختیان لە شەفافییەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لە هەڵبژاردنێکی شەفاف و پاک بۆ پەرلەمانی کوردستان کردەوە.

شەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئەم مانگە تاوتوێ کرا.

لای خۆیەوە سوودانی پشتیوانی تەواوی حکوومەتی عێراقی بۆ کۆمیسیۆن و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانیان دووپاتکردەوە.

هاوکات، هەردوولا جەختیان لەگرنگی هەڵبژاردنێکی شەفاف و ئازاد کردەوە، بە جۆرێک مافی دەنگدەران پارێزراو بێت و ئازادی تەواوی تێدا دەستەبەر کرابێت.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.

 
Fly Erbil Advertisment