"ناتوانن"، بووە بە بابەتی باوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

جێگرانی سەرۆکی پارتی لە کەرنەڤاڵی جەماوەیی دهۆک
جێگرانی سەرۆکی پارتی لە کەرنەڤاڵی جەماوەیی دهۆک

دروشمی"ناتوانن" بووە بە بابەتی باو (ترێند)ـی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژانە لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی بانگەشەی لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا بەکاری دەهێنن. 

"ناتوانن".. ئەو دروشمەی کە لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە وەڵامی لایەنەکانی دیکەی سیاسی بەکاری هێنا، بووەتە بابەتی باوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، دروشمی خۆڕاگریی، ئارامی، ئاوەدانی و پێکەوەیی هەڵگرتووە، بەڵام لە وەڵامی دروشمی لایەنەکانی دیکە کە تێکدان و ڕوخانە، دەستەواژەی "ناتوانن" بە کار دەهێنێت.

"ناتوانن" تەنیا دەستەواژەیەکە، لە وەڵامی ڕکابەرە سیاسییەکانیان، لایەنگران و ئەندامانی پارتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پێوە تەنیوە ئەمەش وەکوو لایەنگرانی پارتی باسی دەکەن، لە بەرامبەر هەموو ئەو دروشمە دوژمنکارانەیە کە لایەنەکان بەرامبەریان بە کاری دەهێنن. 

لایەنەکانی دیکە کە هەڵگری دروشمی دەیڕوخێنین، ڕایاندەگرین، ئیتر بەسە، کۆتایی پێ دەهێنن، چەندین کەرنەڤاڵیشیان لە پێناودا ڕێکخستووە کە ئامانجیانە گوتارێکی پۆپۆلیستی بخزێننە تێڕوانینی خەڵکەوە، بەڵام پارتی لە بەرانبەر هەموو ئەو دروشمانەدا "ناتوانن" بە کار دەهێنێت.   

پارتی، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دروشمی خۆڕاگری و ئارامی و ئاوەدانیی هەڵگرتووە، لەو پێناوەشدا مەبەستییەتی درێژە بە کاروانی ئاوەدانی بدات و متمانەو ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە.

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بەیانیی چوارشەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024 و دەنگدانی تایبەتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش، ڕۆژی 18-10-2024 بەڕێوە دەچێت. 136 لیست و 1,191 کاندیدی لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان ڕکابەریى بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.