کامالا هاریس: ترەمپ باسی دۆخی تەندروستیی خۆی ناکات

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس، کە بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ڕەخنە لە ڕکابەرەکەی، دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان دەگرێت لەوەی ئەنجامی پشکنینە تەندروستییەکانی خۆی ڕاناگەیەنێت کە ماوەیەکی درێژە ئەنجامی داون.

لە بنکەی ئەندرۆزی ئاسمانی نزیک واشنتنی پایتەخت، کامالا هاریس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: "تیمەکەی ترەمپ نایانەوێت ئەمەریکییەکان ببینن کە ترەمپ کێیە، دەشڵێت: ڕوونە کە ترەمپ و تیمەکەی نایانەوێت ئەمریکییەکان ببینن کە ئەو چی دەکات، ئایا گونجاوە بۆ ئەوەی ببێتەوە سەرۆک".

کاندیدی دیموکراتەکان ڕەتی کردەوە هیچ قسەیەک لەسەر تەندروستی ترەمپ بکات، بەڵام گوتی: "لە لێدوانەکانی هەڵمەتەکەیدا، ترەمپ باسی ژمارەیەکی نادیار دەکات و شتەکانی هەڵبەستووە".

هاریس وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە کە ئایا باوەڕی وایە توانای دەروونی ترەمپ کەم بووەتەوە، هاریس  گوتی: "پێشنیاز دەکەم خەڵک سەیری ئەو کۆبونەوانە بکەن کە ئەو ئامادە دەبێت و خۆیان بڕیار بدەن".

ڕۆژی شەممە، مانگێک بەر لە هەڵبژاردن، هاریسی تەمەن 59 ساڵ زانیاری لەبارەی تەندروستی خۆی بڵاو کردەوە، پزیشکەکەی جۆشوا سیمۆنس، ڕایگەیاند کە باری تەندروستی هاریس زۆر باشە و ئەگەر لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتوو بێت، دەتوانێت وەک سەرۆکی ئەمریکا خزمەت بکات.