دانا عەبدولکەریم: قەرەداغ شایستەیەکی تایبەت بەخۆی بۆ پرۆژەکان دەبێت

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە
دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە ڕێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی قیرکردنی ڕێگەی گوندەکانی سنووری شارۆچکەی قەرەداغ ڕایگەیاند: "لەمەودوا قەرەداغ شایستەیەکی دارایی تایبەت بە خۆی دەبێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزار باشتر پێشکەشی خەڵکی شارۆچکەکە و گوندەکانی بکرێت".

یەکشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2024، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە دوای دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی قیرکردنی ڕێگەی گوندەکانی قەرەداغ گوتی: "هەرچەندە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەم پرۆژانە دواکەوتوون، بەڵام بەڵێن بە دانیشتووانی سنووری قەرەداغ دەدەم لە پلانی ساڵی 2025دا شارۆچکەکەیان شایستەیەکی تایبەت بەخۆی دەبێت، بۆ ئەوەی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت خزمەتێکی زیاتر سنووری قەرەداغ بکات".

گوتیشی: "لە پێنج ساڵی ڕابردووی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بایەخێکی تایبەتمان بە ڕێگە و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان داوە و زیاتر لە 285 گوند ڕێگەکانیان قیرکراون و پیشبینی دەکەم تاوەکوو کۆتایی ئەم ساڵ، ژمارەکە بگاتە زیاتر لە 300 گوند".

هەروەها ئاماژەی دا: "گوندەکانی برایماوە، کونەکۆتر و تەنگیسەر و گورباس و گوندەکانی دیکەی قەرداغ شایستەی خزمەتی زیاترن، چونکە سەردەمانێک ئەم گوندانە لانکەی شۆڕش و حەواندنەوەی پێشمەرگە بوون، هەربۆیە ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە خزمەتێکی زیاتر ئەم گوندانە و تەواوی دەڤەرەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکات".

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە ڕاشیگەیاند: "بەشێک لە پرۆژەکان لە تەندەرینگدان و ئەوانەشی تەواو نەکراون هەوڵدەدەن بە ڕاستەوخۆ کاریان بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی بوژانەوە و ئاوەدانی زیاتر بۆ گوندەکان بگەڕێتەوە".