وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا: نامانەوێت شەڕ لە ناوچەکەدا تەشەنە بکات
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران به سه ردانێکی فه رمی گه یشته بەغدا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "سوپاسی عێراق دەکەین کە ڕێگەی نەداوە خاکەکەی بۆ لێدانی ئێران بەکار بێت".
یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ بووەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سەردانەکەی عراقچی بۆ بەغدا، تاوتوێکردنی هەوڵەکانە بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی شەڕ و هەوڵدان بۆ ئاگربەست لە لوبنان و غەززە، لە کاتێکدا ئێران و عێراق هەڵوێستێکی هاوبەشیان دەبێت لەسەر شەڕ و ڕێگریی لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی بەتایبەتی لە غەززە و لوبنان و پێکەوە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئاشتییەوە ناوچەکە لە هێرشەکانی ئیسرائیل دوور بخەنەوە.
ئەم سەردانە بەشێکە لە زنجیرەیەک گەشتی عراقچی بۆ ناوچەکە کە لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە، قەتەر و لوبنان کۆدەبێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ؛ هەرچەندە ئەم گەشتە کورت دەبێت، بەڵام گرنگییەکی تایبەتی دەبێت بۆ بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیان دوای کۆبوونەوەکەیان ڕێک خست، عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی حکوومەتی عێراقی کرد کە ڕێگەی نەداوە ئاسمانی عێراق وەک دەرفەتێک بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێندرێت، دووپاتیشی لەوە کردەوە کە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بایەخ بە پرسی پەنابەرانی غەززە و لوبنان بدات.
عەباس عراقچی گوتی: "ئێران بەدوای شەڕ و فراوانکردنییەوە نییە، هەوڵی وەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە دەدەین، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت جەنگی سەر غەززە و لوبنان بوەستێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری فراوانی شەڕ لە ناوچەکە هەیە".
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکەم گفتوگۆی جەنگی سەر لوبنان و غەززەمان کرد لەگەڵ ئەو ئالەنگارییە پڕ مەترسییانەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، وەک هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوانتر، قەیرانی وزە و مەترسیی لە گەرووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دروست دەکات لە دەریای سوور".
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش گوتی: "عێراق هۆشداریی لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا دا، دووپاتیشی لەوە کردەوە کە خاکی عێراق بۆ بە ئامانج گرتنی ئێران بەکار نایەت".
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "بڕیاڕی ئاشتی و شەڕ بەدەست عێراقییەکانەوەیە، بەرپابوونی شەڕ لە ناوچەکە، هەڕەشە لە ئاشتیی نێودەوڵەتی دەکات؛ ئێمە هەوڵ دەدەین عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی هەر شەڕێکی ناوچەکە بمێنێتەوە".