سوودانی: پێویستە دابینکردنی چەک بۆ ئیسرائیل قەدەغە بکرێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە هەنگاوی نێودەوڵەتی بنرێت بۆ قەدەغەکردنی دابینکردن چەک بۆ ئیسرائیل.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "سەرۆک وەزیران پێشوازی لە بەرپرسی نوێی نوێنەرایەتی یونامی لە عێراق و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، محەممەد حەسان کرد و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا، هەروەها بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی نوێنەرایەتییەکان لە عێراق باسی لێوەکرا.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، "ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیلی کرد کە کردبوویە سەر هێزەکانی 'یونیفیل' لە لوبنان، کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک لە کرێکارانی ئەو وڵاتە، هەروەها ئەم هێرشە دەیسەلمێنێت کە قەوارەی ئیسرائیل هەمووی هێڵەکانی تێپەڕاندووە و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە".
محەممەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەش دا، "پێویستە هەنگاوی نێودەوڵەتی بنرێت بۆ قەدەغەکردنی دابینکردنی چەک بۆ ئیسرائیل، ئەوەش بە مەبەستی کۆتایی هێنان بەو شەڕە ماڵوێرانکەرەی کە هێزەکانی ئیسرائیل دژ بە لوبنان و غەززە دەیکات".