فوئاد حوسێن: ڕهتی دهكهینهوه ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربێت

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕێ لەناوچەکە فراوان بێت ئاسایشی کەنداو دەکەوێتە مەترسییەوە و قەیرانی قوڵی وزە لە جیهاندا دروست دەبێت، هەروەها ڕێکخراوە تیرۆرسیتییەکانی وەک داعش سوود لە شەڕ وەردەگرن بۆ خۆڕێکخستنەوە.
یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ بووەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی لە بەغدا، ئاماژەی بەوە دا، عێراق ڕەتی دەکاتەوە ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربێت.
راشیەگەیاند، ئەگەر شەڕێ لەناوچەکە فراوان بێت ئاسایشی کەنداو دەکەوێتە مەترسییەوە و قەیرانی قوڵی وزە لەجیهاندا دروستدەبێت، هەروەها رێکخراوە تیرۆرسیتییەکانی وەک داعش سوود لە شەڕ وەردەگرن بۆ خۆرێکخستنەوە.
جەختی لەوەشکردەوە؛ بڕیاری ڕاگەیاندنی شەڕ لە عێراق تەنها لەدەستی دەوڵەتدایە بە هەرسێ دەسەڵاتەکەیەوە، هەروەها هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی عێراق لە هیچ شەڕێکەوە تێوەنەگلێت لەناوچەکەدا. هاوکات باسی لەوە کرد، ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی هەڕەشەکردن لە عێراق وڵاتەکەمان بخزێنێتە ناو بازنەی شەڕەوە.