ناتۆ: گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل دابینکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپچڕێنێت

جەیمس ستاڤریدیس، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی ناتۆ، هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر ئێران و ئیسرائیل ڕووبەڕووبوی یەک ببنەوە، دابینکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەپچڕێت.
ستاڤریدیس لە لێدوانێکیدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە، دەتوانێت دابینکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ڕابگرێت".
فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی ناتۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بە ساتێکی مەترسیداردا تێدەپەڕین، وەکو ڕۆژانی پێش سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی دووەم، ئەمە جگە لە پەرەسەندنی گرژییە ستراتیجییەکان لەگەڵ چین لە ناوچەی زەریای هێمن.
باسی لەوەش کرد، ئەم گێژاوە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا تێی کەوتووە، دەکرێت گەشە بکات بۆ خراپترین سیناریۆ، کاتێکیش هەموو گرژییەکانی جیهان پێکەوە ڕوودەدات ساتێکی ناخۆش پێش دەهێنێت، وەکو کۆتاییەکانی ساڵانی 1930.
ستاڤریدیس هیوای خواست "سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە ململانێ و گرژییەکان، هەروەها جۆرێک لە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە کایەوە".