هاووڵاتییانی عێراق گومانیان لە پرۆسەی سەرژمێری هەیە

وا بڕیارە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێری لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام هاووڵاتییان گومانیان لەلا دروست بووە، بەهۆی ئەوەی بەشێك لە پرسیارەكان پرسیاری تایبەتی و كەسین، لەو باوەڕەدان، لەدوای پرۆسەكە باج دەخرێتە سەریان.
سەرژمێری یەكێكە لە پرسە گرنگەكان بۆ هەر وڵاتێك بۆ زانینی ژمارەی دانیشتووان و كۆكردنەوەی داتا و زانیاری، بەڵام بە گوێرەی ئەوەی مێدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە، هاووڵاتییان گومانییان لەلا دروست بووە و گوتویانە: "پرسیارەكان كە لە فۆڕمی سەرژمێریدا هاتووە، پەیوەندی بە پرسەكەوە نییە".
لە فۆڕەمەكدا؛ 70 پرسیاری جۆراوجۆر كراوە، 11 بەشی جیاواز لە خۆ دەگرێت، بەشێكیان تایبەتن بە ژیانی تاك، تەندروستی، زانست، كار، شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری.
ئەو پرسیارانەی لەلایەن هاووڵاتییان گومانی دروست كردووە كە جۆری مۆبایل، خانوو، ئۆتۆمبێل و تۆماركردنی خانووەكان لە جی پی ئێس، تەنانەت جۆری هێڵی ئینتەرنێتیش.
ئەوە خراوەتە ڕوو كە متمانە لە نێوان هاووڵاتییان و حكوومەت لەبارەی پرسیارەكان نییە و بە ناڕاست وەڵام دەدەنەوە، هاوکات هاووڵاتییان گومانی سەپاندنی باج لە دوای پرۆسەكە دەكەن.
عەبدولزەهرە هەنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، گومانەكان ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت: تۆماركردنی كەلوپەلەكان پەیوەندی بە باجەوە نییە.
هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە، ئامانجی سەرژمێری بۆ ئاستی ژیانی تاك و ڕێژەی هەژاری و دەركەوتنی ئامێر و كەلوپەلەكان لە سەر ئاستی وڵات، قەبارەی بەكارهێنانی كارەبا و گەشەی دانیشتووان و ئابووری و كۆكردنەوەی زانیارییە.