لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل 3 سەرباز کوژران
لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵڵا بۆ سەر کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی ئیسرائیل لە حەیفا، 3 سەرباز کوژران و 67ـی دیکە بریندار بوون.
یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2024 کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵڵا بۆ سەر کەمپێکی سەربازی ئیسرائیل لە حەیفای باکووری وڵاتەکە، 3 سەرباز کوژران و 67ـی دیکە بریندار بوون، هاوکات ئەمە بە خوێناویترین هێرش لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی حزبوڵڵا و ئیسرائیلەوە پێناسە دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە حزبوڵڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هێرشی فڕۆکی بێفڕۆکەوانەکە بۆ سەر شاری بینیامینەی باشووری حەیفا، کە کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی سوپای ئیسرائیلی لێ بووە، ژمارەیەک کوژرا و برینداری لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیسرائیل تودەی، ئاگادارکەرەوەکان پێش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوچەی ئامانج لێیان نەداوە.
لای خۆیەوە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ڕایگەیاندووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە نەیتوانیوە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەستنیشان بکات، هەروەها لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکارەکەی بەردەوامە.
هەروەها ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حزبوڵڵا سەرکەوتوو بووە لە فریودانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ داپۆشینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.