ئۆنروا: ئیسرائیل دەیەوێت زەوییەکانی قودس داگیر بکات
عەدنان ئەبو حەسنە، گوتەبێژی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین، ڕایگەیاند: "حکوومەتی ئیسرائیل بە فەرمی ئاژانسەکەی لە دەستبەسەرداگرتنی زەویی بارەگاکە لە قودس، ئاگادار نەکردووەتەوە".
بڕیارەکەی ئیسرائیل ڕەخنەی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەیی لێ کەوتەوە "میسر، سعوودیە، ئیمارات و قەتەر"، ئیدانەیان کرد و گوتیان: "ئیسرائیل بە ئاشکرا بەردەوامیی بە پێشێلکارییەکان دەدات، هەروەها یاسا و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان بەبێ ڕێگریی ناو دەبەن".
ئەبو حەسنە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاند: "ئێمە لە مێدیاکانەوە گوێمان لەم بڕیارەی ئیسرائیل بووە، تا ئێستەش بە فەرمی لەوە ئاگادار نەکراینەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم بڕیارەی ئیسرائیل بەشێکە لە زنجیرە هێرشەکان بۆ سەر UNRWA، لە ڕێگەی یاسایەک پێشکەشی کەنیستی ئیسرائیل کراوە، UNRWA وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناو دەبات، هەروەها ڕێگریی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کارمەندە نێودەوڵەتییەکانی دەکات، لە پێنەدانی ڤیزەی چوونە ژوورەوە، لابردنی پارێزبەندی دیپلۆماسی، پچڕاندنی پەیوەندییەکان و ڕێگریکردن لە کارکردنی دەزگاکە لە ناوچە سەروەرەکانی ئیسرائیل".
مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، کەنیست، لە خوێندنەوەی یەکەمدا سێ ڕەشنووسی یاسای پەسەند کرد کە UNRWA وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن دەکات و تا ئێستەش تاوتوێی دەکەن، لە کاتێکدا ڕەشنووسی یاسا نوێیەکان داوا دەکەن UNRWA بە ڕێکخراوی تیرۆریستی بناسرێت و کارەکانی ڕاگیرێت و قەدەغە بکرێت".
لەم ڕوانگەیەوە یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانی خۆی سەبارەت بەم پرۆژە یاسایانە دەربڕی، کەدەبێتە هۆی لێکەوتەی ڕژد و ڕێگریی لە بەردەوامبوونی دەزگاکە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی پەنابەرانی فەڵەستینی.
گوتەبێژی UNRWA گوتیشی: "ئەم بڕیارە ئەگەر بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکرێت، لێکەوتەی ڕژدی دەبێت، چونکە ئەم بارەگایە بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانی UNRWA یە لە کەرتی ڕۆژئاوا، و یەکێکە لە بارەگاکانی کۆمیساری گشتیی ئاژانسەکە و سەدان کارمەندی فەڵەستینی و نێودەوڵەتی تێدا کار دەکەن، هەروەها بارەگای کۆمیساری گشتی ئاژانسەکەشە".
ئەبو حەسنە جەختی لەوەش کردەوە: "ئەو هەڵمەتەی ئیسرائیل دژی UNRWA دەستی پێ کردووە، یەکێکە لە ئامانجە جەنگییەکانی، کە بە تەسفیەکردنی UNRWA نوێنەرایەتی دەکرێت".
ڕاشیگەیاند: "ئیسرائیل پێی وایە بنبڕکردنی UNRWA واتە بنبڕکردنی پرسی پەنابەرانی فەڵەستین و کۆتایی هێنان بە سیستەمی چەمکی چارەی سیاسی و مافی چارەی خۆنووسین، هەر بۆیەش ئەم هەڵمەتە بەرەو هەڵکشان دەچێت و ناوەستێت".