حزبوڵلای لوبنانی: توانیومانە ڕادارەکانی ئیسرائیل ببەزێنین

حزبوڵلای لوبنانی بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ناوچەکانی نەهارییە و عەکا، ئاماژەی بەوەش کرد، بە درۆنێکی تایبەت توانیوویەتی فێڵ لە ڕادارەکانی ئیسرائیل بکات.
دووشەممە، 14-10-2024، حزبوڵلای لوبنانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ناوجەکانی نەهارییە و عەکا لە ئیسرائیل، هەروەها بە درۆنی تایبەت فێڵیان لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل کردووە و هێرشەکە ئامانجەکانی پێکاوە".
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هێزی ئاسمانیی مقاوەمەی ئیسلامی، هەندێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی هەڵیان داون بۆ یەکەمجارە بەکاریان دەهێنرێن، ئەو درۆنە تایبەتانە توانیویان مەودای ڕادارەکانی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل تێپەڕێنن بەبێ ئەوەی دەستنیشان بکرێن، کە دواتر کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی لیوای بژاردەی جۆلانیان بۆمباران کرد، لە ناوچەی بینامینە، باشووری شاری حەیفا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: "درۆنەکان لەو ژوورانەدا تەقیوەتەوە کە دەیان ئەفسەر و سەربازی ئیسرائیلی تێدا بووە کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ بەشداریی لە هێرشەکەی سەر لوبنان، لەنێویاندا ئەفسەری پلە باڵای تێدا بووە، دەیان کەسیان کوژران و بریندار بوونە".
ئەمە لە کتێکدایە شەوی ڕابردوو مێدیای عیبری ڕایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشەکەی حزبوڵلای لوبنانی بۆ سەر کەمپێکی سەربازی، 67 سەرباز بریندار بوون و سێ سەربازیش کوژران، کە برینی هەندێکیان زۆر سەختە".