سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەنداوی بەستۆڕە دەکاتەوە
دووشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی, سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەنداوی بەستۆڕە دەکرێتەوە.
بەنداوی بەستۆڕە, یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کورستان بۆ بایەخدانی زیاتر بە بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە، بەنداوەکە لە جۆری خاکییە و بەرزییەکەی 30 مەترە و پانییەکەی 180 مەترە، درێژییەکەشی دەگاتە 630 مەتر. هەروا دەتوانێت 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆ بگرێت و ڕووبەری کۆکردنەوەی ئاوی باراناویشی دەگاتە 108 کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەراوکردنی هەندێک ناوچە دەبێت، هاوکات دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەرچاوەی گەشەکردنی بەرهەمی ماسی.
لە هەرێمی کوردستان 34 بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووك هەن، تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شەش بەنداو (چەمرگە، خنس، دێوانە، تووڕەجار، ئاقووبان و شەوگێڕ تەواو کراون) و ئەمڕۆکەش بە کردنەوەی بەنداوی بەستۆرە دەبێتە حەوت بەنداو و بڕیارە تاوەکوو پێش کۆتایی ئەم ساڵ کارەکانی بەنداوی گۆمەسپانیش کۆتایی دێت.
هەروەها لە هەرێمی کوردستان 118 پۆند هەن، کە هەشت پۆندی گەورە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوکراون و 43 پۆندی دیکەش لە دروست کردندان، بە گوێرەی ڕووپێوێکی حکوومەتی هەرێم، ئێستا توانای بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە گلدانەوەی ئاو، 150 ملیۆن مەتر سێجایە.