کاندیدێکی پارتی: لە کابینەی دەیەم ئاستی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریی لە گەرمیان زیادەکەین
دانشتووانی گەڕەکێکی شارۆچکەی کفری لەگەرمیان دەڵێن: "چەندان ساڵە بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکەمان نەیانتوانیوە کۆڵانەکانمان قیر بکەن، ئەمە لەکاتیکدایە گەرمیان دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی و مرۆی و خاوەنی زۆرترین شەهید و ئەنفالە". کاندیدێکی پارتیش دەڵێت: "لە کابینەی دەیەم ئاستی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریی لە گەرمیان زیاد دەکەین".
کۆڵانەکانی یەکیك لە کۆنترین گەڕەکەکانی کفریە 40 ساڵە ئاوابێ خزمەتگوزاری هێڵراوەتەوە، دانیشتووانی ئەم گەڕەکە و گەڕەکە بێخزمەتگوزارییەکانی دیكەش دەڵێن: "بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە دەیان جار بەڵێنی قیرتاوكردنی شەقام و ڕێگە و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانیان پێداوین بەڵام قسەكانیان ھەر لە چوارچێوەی بەڵێن ماوەتەوە".
سەلاح جاسم، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی گوت: "30 ساڵە هەر بەڵێنمان پێ دەدەن، کە هەڵبژاردن دێت شۆفڵ دێنن، دوای هەڵبژاردن ئیشەکە ناکەن. ئەوە حاڵی گەڕەکەکەمانە، زستانان دۆخمان خراپە و ئاو دێتە ماڵەکانمان". گوتیشی: "ئیدارەی شارەکە بەڵێن دەدەن و دەڵێن قیرتان بۆ دەکەین، ئەمە چوارەم جارە ڕێگەکە هەڵدەدەنەوە و شۆستەکانیشیان داناوە بەس قیر ماوە، بەڵام نایکەن".
سەرباری ئەوەی گەرمیان دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتی و مرۆیی و دانیشتووانەكەشی قوربانییەكی زۆریان لە پێناو كوردستان داوە، بەڵام دابینكردنی خزمەتگوزاریەکان لەلاین ئیدارەی ناوچەکەوە لەئاستی قوربانیەکان نین، کاندیدانی پارتیش بەڵینی ئەوە ئەدەن لە كابینەی داھاتووی حكوومەتدا دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی دەگەیەننە گەرمیان.
سەڵاح کانی هەنجیرەی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حزبی بەعس گەرمیانی وێرانکرد و خەڵکەکەی ئەنفال کرد، ئەو ئیدارەی ئێستاش ستەمیان لێدەکات، ئاوەدانی و خزمەتگوزارییان نییە، گوندەکانیان وێران کراوە، داوا لەگەرمیانییەکان دەکەم لە 20ـی 10 دەنگ بدەنە لیستی ئاوەدانی لیستی 190ـی پارتی".