کۆریای باشوور: دراوسێ باکوورییەکەمان ئامادەکاریی بۆ شەڕ و وێرانکاریی دەکات

هێزەکانی کۆریای باکوور لەسەر سنووری دراوسێ باشوورییەکەیان ئامادەکاریی بۆ جەنگ دەکەن. گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆریای باشووریش ڕایگەیاند: "ئامادەکاریمان بۆ وەڵامدانەوەی هەموو هەڕەشەکان کردووە".
کۆریای باکوور، ئاستی ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی لەسەر سنووری دراوسێ باشوورییەکەی بەرز کردووەتەوە و ئامادەکاریی سەرتاسەری بۆ جەنگ ڕاگەیاند.
کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەو وڵاتەشە، ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا داوا دەکات: "ڕێکارەکانی ئامادەکاریی بۆ جەنگ بخرێنە ئاستێکی باڵاترەوە، هەروەها ڕێکارەکانی بەرگریی لە وڵات بەهێزتر بکرێن".
کیم لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "پێویستە هێزەکانی بەرەکانی پێشەوە لەسەر سنووری کۆریای باشوور ئامادەی تەقەکردن و وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک بن، چونکە وڵات لەژێر مەترسیدایە".
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سنوورەکانی هەردوو کۆریاوە بڵاوکراونەتەوە: "تەنانەت تۆپهاوێژەکانی کۆریای باکووور لە سنوور خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ دەستپێکی شەڕ، ئەمەش لەسەر فەرمانی ڕێبەری باڵا".
لەلایەکی دیکەوە، هێزە چەکدارەکانی کۆریای باشوور هەنگاوی پێویستیان سەبارەت بە هەڕەشەکانی باکوور گرتووەتەبەر و ئەو هەڕەشەکان وەک ئامادەکاری تەواو بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ لێک دەدەنەوە.
لەوبارەیەوە لی سونک جون، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆریای باشوور دەڵێت: "تێبینیمان کردووە دراوسێ باکوورییەکەمان ئامادەکاریی بۆ وێرانکاریی و شەڕ دەکات، ئامادەکاریمان بۆ وەڵامدانەوەی هەموو هەڕەشەکان کردووە".
دۆخی هەردوو کۆریا، لە ماوەی 70 ساڵی ڕابردوودا هەردەم شلۆق و نائارام بووە، هەمیشە ترسی دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕ هەیە لە نیمچەدوورگەی کۆریا، بێگومان وەها شەڕێکیش تەنها لەو نیمچە دوورگەیە قەتیس نابێت و وەک ئاگر سەردەکێشێت بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.