پۆستی قایمقامی هەرسێ قەزاکەی پارێزگای کەرکووک دەدرێت بە عەرەب

دووشەممە، بڕیارە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەبەشداریی لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەتی خۆجێی بەڕێوە بچێت. هەروەها کارنامەکەش بریتییە لە دەنگدان لەسەر جێگری پارێزگاری کەرکووک و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی کەرکووک و هەڵبژاردنی سێ قایمقامی عەرەب بۆ قەزاکانی "دوبز، داقوق و حەویجە".
لەوبارەوە حەسەن مەجید، سەرۆکی فرکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دەبێت 48 کاتژمێر پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا کارنامەی کۆبوونەوەکەمان لا بێت، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک هیچ شتێکمان لەوبارەوە پێ نەگەیشتووە".
گوتیشی: "ئەم بەیانییە بەرنامەی کاریان لە گرووپ دابەزاندووە کە کاتژمێر 12 دانیشتنی ئەنجوومەن بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەو کارنامەیەی دیاری کراوە ئێمەی لێ ئاگادار نەکراوەتەوە، کە ئەمڕۆ دەنگ لەسەر پەیرەوی ناوخۆ دەدرێت، ئێمە نازانین چۆنە چونکە هیچ نووسراوێکمان لەسەر پەیرەوەکە بەدەست نەگەیشتووە ".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە پرسیاری ئەوە دەکەین، کە جێگری پارێزگار بۆ تورکمان دانراوە لەکاتێکدا ئەوان بایکۆتیان کردووە، هەروەها نیگەرانین لەوەی لە کەرکووک سێ قەزا هەیە کە هەرسێ قایمقام بە عەرەب بدرێت، بۆیە ئەمە پێکەوە ژیان و هاوسەنگی نییە".