بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراق: حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بە شێوەیەکی نایاسایی پێک هێنراوە
بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراق، بەیاننامەیەکی لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانی کەرکووک بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "هیچ کەسێکمان بۆ هیچ پۆستێکی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کاندید نەکردووە"
لە بەیاننامەکەی بەرەی تورکمانی هاتووە: "پێشهاتە سیاسییەکانی کەرکووک نیگەرانی هەموو لایەنێکی نیشتیمانی لێ کەوتووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی نووسراوێکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێگەیشت کە دانیشتنێکی بەپەلە دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی تورکمانێک بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک".
هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "ئێمە لە بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراق، هەڵوێستی پتەوی خۆمان سەبارەت بەم پێشهاتانە دووپات دەکەینەوە، ڕوونی دەکەینەوە کە هیچ کەسێکمان بۆ هیچ پۆستێکی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کاندید نەکردووە. هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم حکوومەتە بە شێوەیەکی نایاسایی پێک هێنراوە، نوێنەرایەتی ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکی پارێزگاکە ناکات، بۆیە شەرعییەتی یاسایی و سیاسی نییە".
بەرەی تورکمانی باسی لەوەش کردووە: "ئێمە لە بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراق، چاوەڕوانی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگاین، کە هیوادارین شتەکان بگەڕێنێتەوە سەر ڕێچکەی یاسایی و دەستووری".
ڕاشیگەیاند: " لە کۆتاییدا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە خۆیان بگرن و ڕێز لە یاسا بگرن و پابەندبن بەو شتانەی کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانیاندایە"
لەوبارەوە حەسەن مەجید، سەرۆکی فرکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئێمە بەهیچ شێوەیەک هیچ شتێکمان لەوبارەوە پێ نەگەیشتووە".
گوتیشی: "ئەم بەیانییە بەرنامەی کاریان لە گرووپ دابەزاندووە کە کاتژمێر 12 دانیشتنی ئەنجوومەن بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەو کارنامەیەی دیاری کراوە ئێمەی لێ ئاگادار نەکراوەتەوە، کە ئەمڕۆ دەنگ لەسەر پەیرەوی ناوخۆ دەدرێت، ئێمە نازانین چۆنە چونکە هیچ نووسراوێکمان لەسەر پەیرەوەکە بەدەست نەگەیشتووە ".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە پرسیاری ئەوە دەکەین، کە جێگری پارێزگار بۆ تورکمان دانراوە لەکاتێکدا ئەوان بایکۆتیان کردووە، هەروەها نیگەرانین لەوەی لە کەرکووک سێ قەزا هەیە کە هەرسێ قایمقام بە عەرەب بدرێت، بۆیە ئەمە پێکەوە ژیان و هاوسەنگی نییە".