ئیسرائیل بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا وەڵامی ئێران دەداتەوە
واشنتن پۆست: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئێران دەبێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمەریکای لە بڕیاری وەڵامدانەوەی سەربازیی بۆ هێرشە مووشەکییەکەی سەرەتای ئەم مانگە ئاگەدارکردووەتەوە و بە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکای گوتووە، هێرشەکانیان بۆ دامەزراوە سەربازییەکان دەبێت، نەک ژێرخانی ئەتۆمی و نەوت.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوی کردووتەوە: "دوای حەوت هەفتە لە توندتربوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل ئامادەیە هێرش بکاتە سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئێران، نەک وێستگە ئەتۆمییەکان و کێڵگە نەوتییەکان".
بە گوتەی بەرپرسە ئەمەریکییە: "ئەم ڕوونکردنەوەیەی ناتانیاهۆ یارمەتیدەرێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی ئەمەریکا نەرمی زیاتر بنوینێت و سیستمی بەرگری ئاسمانی ساد ڕەوانەی ئیسرائیل بکات، تاوەکوو لە هێرشی مووشەکی بالیستی ئێران بیپارێزێت".
هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشكرای کردووە: "هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران بەر لە 5تشرینی دووەمی 2024 و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەبێت".
هەر ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ڕایگەیاندووە: "ئیسرائیل تەنیا ئەمەریکا لە پلانی هێرشەکەی بۆ سەر ئێران ئاگادارکردووە، ئەگەرنا چاوەڕوانی هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە واشنتن ناکات.
تاوەکوو ئێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی فەرمی لە بارەی پەیوەندییەکەی بایدن و ناتانیاهۆ بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: "گوێ لە بۆچوونەکانی ئەمەریکا دەگرین، بەڵام بڕیاری کۆتایی خۆمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆمان دەدەین".
لە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە 1ی ئەم مانگە، حکوومەتی سەربازی و سیاسیی ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی لە ئێران کرد، ڕاشیگەیاندبوو: "وەڵامێکی ئازاربەخش توندیان دەبێت".
هەر لە بارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیل، تەلئەڤیڤ بەم دواییانە ئاشکرای کردووە: "زیانی ماددی زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری لێ کەوتووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی ئاشکرا بکات".
هەروەها ئێران ڕایگەیاندبوو: "هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگە بۆ سەر ئیسرائیل لە وەڵامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان لە بەیرووت بووە".