ئێران: : ئێمە خوازیاری جەنگ نین، دەبێ ڕێگەی دیپلۆماسی کارا بکرێ

وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەی بۆ عومان و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا کە بە ناوبژیوانیی عومان دەکرا، بە هۆی دۆخی ناوچەکەوە ڕاگیراوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە گەیشتە مەسقەت و لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی کۆبووەوە. 

عەباس عراقچی لە پاش کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا کە بە ناوبژیوانیی عومان دەکرا، بە هۆی دۆخی ناوچەکەوە ڕاگیراوە".

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت: "ئەو ڕەوتەی بە ناوی ڕەوتی مەسقەت لە ئارادا بوو و هەموو لایەک لێی ئاگادارن، کە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و بە ناوبژیوانیی عومان، کۆمەڵێک پەیام لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا ئاڵوگۆڕ دەکرا، ئەم ئاڵوگۆڕی پەیامە بە هۆی دۆخی ناوچەکە ڕاگیراوە و ئێمە بوارێک بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان نابینین، تا ئەو کاتەی ئەم قەیرانە تەواو دەبێت. ئەوکات بڕیاری لێ دەدەین کە ئاخۆ گفتوگۆیەکی نوێ دەست پێ بکەین یا نا و ئەگەر دەست پێ بکەین، چۆنی بکەین".

قسەکانی عراقچی لە کاتێکدایە زیاتر لەدوو هەفتەیە ئێران چاوەڕوانیی کاردانەوەی سەربازیی ئیسرائیل دەکات، عێراقچی ڕاشیگەیاند: "وڵاتەکەی خوازیاری جەنگ نییە بەڵام بۆ جەنگ ئامادەیە".

گوتیشی: "ئێمە خوازیاری جەنگ و پێکدادان نین ئەگەرچی بە تەواوی بۆ جەنگیش ئامادەین. پێمان وایە دەبێ دیپلۆماسی کارا بکرێ و ڕێگا لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی زۆر گەورە لە ناوچەکە بگرێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران بەر لە عومان سەردانی هەریەک لوبنان، سووریا، سعوودیە، قەتەر و عێراقی کردبوو، هاوکات لەگەڵ گەشتەکەی عراقچی بۆ مەسقەت، کەناڵی (کان) ی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئێران لە ڕێگەی یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکەوە ئەو پەیامەی گەیاندووەتە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە ئەگەر کاردانەوەی ئیسرائیل سنووردار بێت ئەوا تاران ئەمە وەک کۆتاییی ئەم خولەی گرژییەکانی نێوانیان لێک دەداتەوە. 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment