لقی دهۆکی کۆمیسیۆن: پشکنین بۆ هەموو ئامێرەکانی دەنگدان کراوە و گرفتیان نییە
بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئامێر و کەلوپەلەکانیان بۆ بنکەکانی دەنگدان دەگوازنەوە و دووپاتی کردەوە، پێشوەختە پشکنینیان بۆ هەموو ئامێرەکان کردووە و گرفتیان نییە.
سێشەممە، 15-10-2024، خالد عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دووپاتی کردەوە: "هەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواو کردووە".
دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024 و دەنگدانی تایبەتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش، ڕۆژی 18-10-2024 بەڕێوە دەچێت. 136 لیست و 1,191 کاندیدی لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان ڕکابەریى بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.
خالد عەباس باسی لەوەش کرد: "سەدا 98ـی دەنگدەرانی سنووری پارێزگای دهۆک کە ژمارەیان لە 724 کەس زیاترە، کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و تاوەکوو کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، دوا وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو کارتانەی دابەش نەکراون، چونکە دواتر ڕەوانەی بەغدا دەکرێن".
بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمڕۆ، ئامێر و کەلوپەلی تایبەت بە دەنگدان، بۆ ئەو قوتابخانانە دەگوزارێنەوە کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کراون و دەکرێنە بنکەی دەنگدان. سەرجەم ئامێرەکان پشکنینیان بۆ کراوە و گرفتیان نییە".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن: "ژمارەیەک هاووڵاتیی لە سنووری پارێزگای دهۆک بە تۆمەتی لێ کردنەوە، شێواندن و تێکدانی پۆستەری کاندیدان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون و دەستیش بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا گیراوە".
لە بەیانیی چوارشەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ کردووە و ئەمڕۆ سێشەممە، 15-10-2024 کۆتا ڕۆژی بانگەشەکەیە. خالد عەباس گوتی: "کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت، لایەنەکان بۆیان نابێت لە دوای ئەو وادەیە هیچ بانگەشەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن و کەرنەڤاڵی جەماوەرییش ڕێک بخەن، بەڵام ماوەی مانگێک مۆڵەت دەدرێتە کاندیدان پۆستەرەکانیان لا ببەن".