تاڵیبان دەیەوێت وێنەی مرۆڤ و ئاژەڵ لە مێدیاکانی ئەفغانستان بسڕێتەوە

سێشەممە، 15-10-2024، سەرچاوەیەکی فەرمیی تاڵیبان، جەختی کردەوە، مێدیا حکوومەتییەکان لە هەندێک پارێزگای ئەفغانستان وێنەی بوونەوەرەکان بڵاو ناکەنەوە، بۆ ئەوەی پابەندی یاسا ئەخلاقییەکان بن.

لە مانگی ئابدا، وەزارەتی "ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە"ی ئەفغانستان یاسایەکی بڵاوکردەوە کە چەندین لایەنی ژیانی ڕۆژانە ڕێک دەخات، وەک گواستنەوەی گشتی، ڕیشتاشین، مێدیا و ئاهەنگگێڕان. ئەم یاسایانە لەسەر بنەمای تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە شەریعەتی ئیسلامین.

ماددەی 17ی ئەم یاسایە، بڵاوکردنەوەی وێنەی بوونەوەرەکان قەدەغە دەکات، کە نیگەرانی دروست کردووە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر مێدیا و ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە ئەفغانستان.

سەیفئول ئیسلام خەیبەر، وتەبێژی وەزارەتی ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە، بە ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیێیتێد پرێس ڕایگەیاند: "مێدیا حکومەتییەکان لە پارێزگاکانی تەخار، مەیدان وەردەک و قەندەهار ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت وێنە یان فیلمی هیچ شتێک کە گیانی هەبێت - واتە مرۆڤ و ئاژەڵ - پەخش بکەن".

خەیبەر ئاماژەی بەوە نەدا: "ئایا ئەم یاسایانە کاریگەرییان لەسەر هەموو مێدیاکان دەبێت، لەوانە مێدیا بیانییەکان، یان تەنها کەناڵ و ماڵپەڕە ئەفغانییەکان دەگرێتەوە". 
هەروەها ڕوونی نەکردەوە: "چۆن ئەم یاسایانە جێبەجێ دەکرێن یان ئایا کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ پابەندبوون پێیانەوە؟".

هیچ وڵاتێکی موسڵماننشینی دیکە، تەنانەت ئێران و سعودیەش، هاوشێوەی ئەم سنووردارکردنانەیان نییە. لە ماوەی دەسەڵاتی پێشووی تاڵیباندا لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، زۆربەی تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و ڕۆژنامەکان بە تەواوی قەدەغە کرابوون.