سەركردەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی هۆشداریی بە گرووپە چەكدارەكانی عێراق دەدەن

سەركردەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ھۆشدارییان بە گرووپە چەكدارەكانی عێراق داوە لەوەی ھێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل، دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت و عێراق ڕووبەڕووی ھێرشی ئاسمانی سەخت دەكاتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە گرووپە چەكدارەكانی عێراق، بڵاوی كردووەتەوە، سەركردەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەم دواییانەدا لەگەڵ سەركردەی گرووپە چەكدارەكانی نێو بەرەی مقاوەمەی عێراق كۆبوونەتەوە و ھۆشدارییان پێداون بەردەوامی ھێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت و عێراق ڕووبەڕووی ھێرشی ئاسمانی سەخت دەكاتەوە.
سەرچاوەكە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەش داوە: "لە وەڵامی سەركردەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، گرووپە چەكدارەكان داوایان لە حكوومەتی عێراق كردووە دەستێوەردان نەكات و جەختیشیان كردووەتەوە، بە تەنیا بەرپرسیارێتی هەر دەرئەنجامێک لە ئەستۆ دەگرن".
سەجاد جیاد، شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی و ئەندامی سەنتەری توێژینەوەی ئینتەرناشنال لە نیویۆرك، دەڵیت: "لە کۆتاییدا ڕەنگە عێراق دوور لە خواستی خۆی پەلكێشی نێو شەڕ و ململانێكە بكرێت، بۆیە لەئەگەری ھێرشی ئێسرائیل بۆ سەر ژێرخانی ئابووری یان کێڵگە نەوتییەکان، حکوومەتی عێراق هیچ بەدیلێکی دیكەی نابێت جگە لە پشتگیریکردنی هەر وەڵامێکی سەربازی لەدژی ئیسرائیل".
دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، بەرەی موقاوەمەی عێراق چەندینجار بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل هەڕەشە لەو گرووپانە دەكات كە لە ناوچەكە و عێراقەوە هێرش دەكەنە سەر خاكی وڵاتەکەیان.