کۆی کوژراوانی لوبنان دوو هەزار و 300 کەسی تێپەڕاند

ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی ناوچەیەکی باشووری بەیرووت دەکات

بە گوێرەی ئاماری ناوەندێکی فەرمی لوبنان، لە یەک ساڵی شەڕی حزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل زیاتر لە دوو هەزار و 300 لوبنانی کوژراون، سوپای ئیسرائیلیش نەخشەیەکی باشووری بەیرووتی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە دانیشتوانی ناوچەکە دەکات، هەرچی زووە دەبێت ئەو شوێنە چۆڵ بکەن.

یەکەی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 41 کەسی دیکە کوژراون و 124 کەسی دیکەش بریندار بوون، بەمەش کۆی گشتی کوژراوانی لوبنان لە ماوەی یەک ساڵی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵلادا گەیشتووەتە 2350 کوژراو و 10906 بریندار.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان پاڵپشت بە ڕاپۆرتی یەکەی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوو سوپای ئیسرائیل 146 هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی باشووری لوبنان و باشووری بەیرووت و ناوچەی بقاعی کردووە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 1067 ناوەند، لەوانە کۆمەڵگەی پەروەردەیی، پەیمانگەی پیشەیی، زانکۆ و دامەزراوەکانی دیکە بوونەتە شوێنی داڵدەدانی 41 هەزار و 894 خێزانی ئاوارە، کە سەرجەمیان دەکاتە 188 هەزار و 652 کەس، کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان ئاوارە بوون و لە نێویاندا 881 شوێن هیچ جێگەیەکیان نەماوە بۆ ئەوەی کەسی دیکە لەخۆ بگرێت.

هەروەها سەرچاوەیەک لە ڕێکخراوی یونیسێف ڕایگەیاندووە، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە لوبنان ملیۆنێک و 200 هەزار کەس ئاوارە بوون لە نێویاندا زیاتر لە 400 هەزاریان منداڵن.

لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و هۆشداریداوە و باڵەخانەیەکی لە قەراغی باشووری بەیرووت دەست نیشانکردووە و داوا دەکات هەرچی زووە دەبێت دانیشتوانی باڵەخانەکە و خەڵکی نیشتەجێ بووی دەوروبەری دەبێت چۆڵی بکەن، چونکە بەم زووانە حەشارگەکانی حزبوڵلا لەو ناوچە بۆمباران دەکات.

هاوپێچی پەیامەکە نەخشەی ناوچەکەشی لە قەراغی باشوور دیاری کردووە کە دەکەوێتە گەڕەکی حاڕە حەڕیک. داواشی کردووە کە خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی ڕزگاریان بێت لانیکەم 500 مەتر لە شوێنی دیاریکراو دوور بکەونەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment