مەسرور بارزانی بەنداوی گۆمەسپانی کردەوە

سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی ڕێگەی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقوڵی دادەنێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوی گۆمەسپان دەستی پێکرد و لە هەمانکاتدا بەردی بناغەی ڕێگەی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقوڵی دادەنێت.

بەنداوەکە سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان و گەورەترین بەنداوی سنووری پارێزگای هەولێرە و دەبێتە یەكێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ دانیشتوانی شاری هەولێر و ناوچەکانی دەوروبەری.

عەبدوڵڵا گەردی، بەڕێوبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری بەنداوی گۆمەسپان لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی بەنداوی گۆمەسپان ڕایگەیاند، خۆشحاڵین ئەمڕۆ یەکێک لە پرۆژە ستراتیجیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، بەنداوی گۆمەسپان 35 کیلۆمەتر لە هەولێر دوورە، هەروەها بەرزییەکەی 70 مەترە و 513 مەتریش درێژە، گوتیشی: زیاتر لە 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە خۆ دەگرێت، ئێستا بووەتە دەریاچەیەکی جوانی ئەو ناوچەیە و هەموو خەڵکی ئەو ناوچەیە سوودی لێدەبینن، 

گوتیشی: 25 ساڵ لەمەوپێش بەتوانایەکی کەم دەستمان پێ کرد، بەلام ئیرادەمان بەهێز بوو، کە سوپاس بۆ خوا ئێستا بەرهەمەکەی بەنداوی گۆمەسپانە، دەشڵێت: بەداخەوە بەنداوی گۆمەسپان بە چەند قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێپەڕی، بەڵام خۆشبەختانە لەگەل دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم و خەمخۆری سەرۆکی حکوومەت، کە کارنامە گرنگەکەی بریتی بوو لە بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەتایبەتیش دروستکردنی بەنداو.

باسی لەوەش کرد، ئەو پرۆژەیە پەراوێز خراوبوو، ئێستاش بووەتە جێگەی شانازی هەموو تاکێکی کورد و بووەتە پەنجەرەیەک بۆ شاری هەولێر کە خەڵکێکی زۆر سوودی لێ دەبینێت.

هەروەها خالید خۆشناو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆژەی جووتسایدی گۆمەسپان- سماقولی ڕایگەیاند، خۆشحاڵین کە جارێکی دیکە کۆدەبینەوە بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەکی دیکەی ستراتیجی، ئەویش پرۆژەی ڕێگەی جووتسایدی گۆمەسپان-سماقولی و دەورووبەری بەنداوی گۆمەسپانە بە درێژی  27 کیلۆمەتر.

گوتیشی: ڕێگەکە بۆ پارێزگای هەولێر گرنگە کە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە بەتایبەتی ناوچەکانی ڕانیە و قەلادزێ و پشدەر و بتوێن. هەروەها گوندەکانی دەورووبەری بەنداوی گۆمەسپان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڕێگەیە لەڕووی گەشتگوزاریەوە زۆرگرنگە، چونکە بەبوونی بەنداوی گۆمەسپان شوێنەکە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری کە چاوەڕوان دەکرێت هاووڵاتیانی ناوچەکانی کوردستان عێراق ڕووی تێبکەن.

 

 

نوێ دەکرێتەوە..