پارێزگاری دهۆک: بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەشتیاریی لە ئامێدی دادەنرێت

پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەشتیاریی لە ئامێدی دادەنرێت کە بە یەکێ لە پرۆژە هەرە جوانەکانی گەشتیاریی دادەنرێت.
چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی تەتەر، پاریزگاری دهۆک ڕایگەیاند: ئەمڕۆ 16ـی تشرینی یەکەم، بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەشتیاریی لە هاوینەهەواری سیلاڤ لە قەزای ئامێدی بە ملیارێک و 470 ملیۆن دینار دادەنرێت.
عەلی تەتەر پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چەندین پرۆژە لە سنووری پارێزگای دهۆک بەڕێوە دەچن و بەردی بناغەیان بۆ دادنرێت، لەوانەش، کۆڕنیشی گەلی باڵندا لەسەر ڕووباری شین کارەکانی زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، چەند هۆتێلیکیش لە سیلاڤ دروست دەکرێن،پارێزگاری دهۆک گوتیشی: ئەو ناوچانەی کە چەندین ساڵە کێشەی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیای لێیە، کەمتر پرۆژەی لێ ئەنجامدراوە، بەڵام بۆ لەمەودوا پرۆژەکان بەو شوێنانەش دەگات، لەوانە پرۆژەی ڕێگەی باڵندا کە بە زیاتر لە 22 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و پێکهاتووە لە دروستکردنی شەقام و ڕووناکی و خاوێنکردنەوەی گەلییەکە.