کۆمپانیای لوفتهانزا بەهۆی ڕێگریی لەسەرنشینانی جوو، بە چوار ملیۆن دۆلار سزا درا

وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکانی سەرنشینانی جوو، هێڵی ئاسمانی لوفتهانزای ئەڵمانی بە بڕی چوار ملیۆن دۆلار سزا داوە.

وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆمپانیا ئەڵمانییەکە تا ئێستا گەورەترین سزای ماددی دراوە، ئەمەش بەهۆی پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکان بووە دوای ئەوەی جیاکاری لە دژی 128 سەرنشینی جوو کردووە.

ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2022، کاتێک هێڵی ئاسمانی لۆفتهانزا ڕێگری لە 128 سەرنشینی جوو کردووە کە جلی نەریتی جووەکانی ئۆرتۆدۆکسیان لەبەردا بووە، وەک گروپێک سواری فڕۆکەیەک بن کە لە نیویۆرکەوە  بەرەو بۆداپێستی هەنگاریا دەڕۆیشت.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ڕێگرییەکە بەهۆی هەڵسوکەوتی نادروستی بەشێک لە سەرنشینەکان بووە.

وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت: "هەرچەندە زۆرێک لە سەرنشینەکان یەکتریان نەدەناسی و پێکەوە گەشتیان نەدەکرد، بەڵام ئەو سەرنشینانەی کە لێکۆڵەرانی وەزارەتی گواستنەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردووە  ڕایانگەیاندووە، کۆمپانیای لوفتهانزا وەک ئەوەی یەک گرووپ بن وا مامەڵەی لەگەڵ هەموویان کردووە و  ڕێگرییان لێ کراوە سواری فڕۆکە بن".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "لوفتهانزا ڕەتی دەکاتەوە هیچ کام لە کارمەندەکانی لە هەر جۆرە جیاکارییەکدا تێوەگلابن".