دەستووری هەموارکراوی کۆریای باکوور، کوریای باشووری بە دوژمن ناساند

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای ڕایگەیاند: بۆ یەکەمجار، دەستووری هەموارکراوی کۆریای باکوور، کۆریای باشوور بە "دەوڵەتی دوژمن" دەناسێنێت.

بە گوتەی یۆنهاپ، ئەمە یەکەمجارە کە پیۆنگ یانگ جەخت لەو دەکات کە دەستوورەکەی بەگوێرەی فەرمانەکانی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور هەموار کراوەتەوە بۆ دەستنیشانکردنی کۆریای باشوور "وەک دوژمن و نەک هاوبەشی ئاشتەوایی و یەکگرتوویی".

ئاژانسەکە بە زمانی ئینگلیزیدا ڕوونیکردەوە: ئەمە ڕێکارێکی حەتمییە بەگوێرەی مەرجەکانی دەستووری کۆریای باکوور گیراوەتەبەر کە بە ڕوونی کۆریای باشوور وەک دەوڵەتێکی دوژمن پێناسە دەکرێت، هەروەها بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییە مەترسیدارەی بۆمان دەهێنێت، لە شەڕێکی چاوەڕواننەکراو بەهۆی ئیستفزازی سیاسی و سەربازی ڕژدیی هێزەکانەوە.

کۆریای باکوور، هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کرد و پێداچوونەوەی بە دەستوورەکەیدا کرد، بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە ئایا بنەمای "دوو دەوڵەتی دوژمنکار" کە کیم جون ئۆنگ پەسەندی کردبوو، لە دەستوورە پێداچوونەوەکراوەکەیدا جێگیرکراوە یان نا؟

هێزە چەکدارەکانی کۆریای باشوور سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، کۆریای باکوور بەشێک لە ڕێگاکانی تەقاندووەتەوە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی سوپای کۆریای باکوور بەڵێنی دا هەموو ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنینەکانی پەیوەست بە باشوورەوە ببڕێت و پێکهاتەی بەرگری لە هێڵی پێشەوە دروست بکات.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، بەشێک لە ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنی پارێزگای گانگوۆن بەدرێژایی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵات، هەروەها بەشێک لە ڕێگە و هێڵی ئاسنی لە گایسۆنگ "بە تەواوی بەهۆی تەقینەوەکانەوە گیراون".

کۆریای باکوور ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوە بەشێکە لە جیاکردنەوەی تەواوی خاکەکەی. و ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەهێزکردنی هەمیشەیی سنووری داخراوی باشوور.

ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنی کۆریا بە درێژایی هێڵی گیۆنگگی بەستراوەتەوە سنووری ڕۆژئاوای پاجو لە باشوور بە شاری گایسۆنگ لە باکوور و هێڵی دۆنگهای بە درێژایی کەنارەکانی ڕۆژهەڵات دەبەستێتەوە.