چوارچێوەی هەماهەنگی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق دادەنێت

چوارچێوەی هەماهەنگی، لە دوایين كۆبوونەوەی خۆیدا، بە زۆرینەی دەنگ ڕێككەوتوون لە هەفتەی داهاتوو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێرن، هەروەها سەركردەیەكی سوننە لەسەر هەڵوێستەكانی شیعە دەڵێت: ئەو پۆستە بەركەوتەی سوننەكانە هەر ئێمەش ئەو پرسە یەكلا دەكەینەوە و پێویست ناكات شیعەكان دەستوەردان بكەن.
چوارچێوەی هەماهەنگیی دوو رۆژ پێش ئێستا كۆبووەوە ئەو پرسەی لەلای خۆی بەزۆرینەی دەنگ یەكلا كردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناكۆكیی لەنێوان لایەنە شیعەكان هەیە، چونكە ئەوانیش دابەش بوونە و ناتوانن پاڵپشتیی لە یەك كاندید بكەن.
فارس ئەلفارس، سەركردەی فراكسیۆنی سەدارەی سوننە، دەڵێت: "مەرج و بڕیارەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەت دكەینەوە، بەتایبەت كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێویستی بەوەیە سوننەكان یەكلایی بکەنەوە و پێویست ناكات شیعەكان دەستوەردان بكەن."
چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت موحسین مەندەلاوی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەوەكالەت، لە بەڕێوەبردنی پۆستەكە بەردەوام بێت، تا ئەوكاتەی كاندیدی دڵخوازی خۆی دەكاتە سەرۆكی پەرلەمان.
نزیكەی ساڵێكە دادگای فیدراڵی، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی لەسەر سکاڵای یەکێک لە پەرلەمانتارەکان لەپۆستەكەی دوورخستووەتەوە، هەروەها عەلی فەتلاوی، سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەڵێت: "بەزۆرینەی دەنگ ڕێككەوتووین دەنگ بە مەحموود مەشهەدانی بدرێت".
_