جومانە غەلای: لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن بڵاو دەکرێتەوە

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکرێتەوە، بەڵام ناتوانرێت تانەی لێ بدرێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، بەلام ناتوانرێت تانەی لێ بدرێت."
گوتیشی: "دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، تیمی تایبەت بە پرۆسەی دەنگدان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بڵاو دەکەنەوە، کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بە فەرمی ئەنجامەکە بڵاو کرایەوە، ئینجا قۆناغی تانەدان دەست پێ دەکات."
ئاماژەی بەوەش کرد: "کاتێک تانەدانیش کۆتایی هات، پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بڵاو دەکرێتەوە و بۆ مێدیاکان ئاشکرا دەکرێت."
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.