ئیتاڵیا بەکرێدانی منداڵدانی قەدەغە کرد و سزای توندی بۆ بکەرانی دیاری کرد

دوای گفتوگۆیەکی 7 کاتژمێری لە پەرلەمان، ئیتاڵیا ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد کە بەکرێدانی منداڵدان "ڕەحمی ئافرەت" بە تاوان دادەنرێت.

هەرچەندە ئەم هەنگاوە بەهۆی هەندێک لایەنی پەیوەست بە یاسای ئیتالیا، ڕەخنەی لێ گێرا، بەڵام بەرگریکارانی مافی ئافرەتان پێیان وایە ئەمە پشتیوانیکردنە لە مافەکانی ئافرەتان.

ئەو ئیتاڵیانەی کە داوای بەکرێدانی منداڵدان دەکەن (ئەم کارە لە وڵاتانی تری وەک ئەمەریکا و کەنەدا بە یاسایی دادەنرێت)، بە گوێرەی یاسا نوێیەکی ئیتاڵیا ڕووبەڕووی دوو ساڵ زیندانی و سزای پێبژاردنی یەک ملیۆن یۆرۆ دەبنەوە. 

کارۆلینا فارچی، ئەندامی پەرلەمانی پارتی برایانی ڕاستڕەوی توندڕەو لە ئیتاڵیا، سەرەتا پڕۆژە یاساکەی پێشکەش کرد، کە پاڵپشتی سەرۆکی پارتەکە و سەرۆک وەزیرانی جۆرجیا میلۆنی وەرگرتبوو.

یاسا نوێیەکە ئاماژە بەوە دەکات: "هەر کەسێک هێلکە، سپێرم، کۆرپەلە یان کاری فرۆشتنی منداڵدان بکات ئەوە ڕووبەڕووی سزای زیندانی لە سێ مانگ بۆ دوو ساڵ و سزای پێبژاردنی لانیکەم 600 هەزار یۆرۆ دەبێتەوە"

پارتی لێگا ئامانجی سەپاندنی سزای توندتر بوو، بەو پێیەی پێشنیاری هەموارکردنەوەی سزاکانیان بۆ 10 ساڵ زیندانیکردن و سزای دوو ملیۆن یۆرۆ دەکرد، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکردن و گرووپە سیاسییەکانی دیکە ئەم پێشنیازەیان ڕەت کردەوە.

سەبارەت بە هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری پارێزگاران، ئەم یاسایە وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی دایکانی دەرەوەی وڵاتە کە گوایە خراپ بەکاردەهێنرێن و بە پاراستنی پەیوەندی نێوان دایک و باوکی بایۆلۆجی و منداڵەکانیان سەیر دەکرێت.

لاڤینیا مینۆنی، سیناتۆر لە پارتی برایانی ئیتاڵیا دەڵێت: "دایکایەتیی بەتەواوی ناوازەیە و هەرگیز دایک ناتوانێت ببێتە دایکی جێگرەوە، دەمانەوێت دیاردەی گەشتیاری دایکایەتی جێگرەوە بنبڕ بکەین."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment