مەسرور بارزانی: تا کۆتایی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری کوردستان دابین دەکرێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، پرۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان، کە مەبەستمانە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەینە 24 کاتژمێری.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: پرۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان، کە مەبەستمانە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەینە 24 کاتژمێری.
ئاماژەی بەوە دا، پێش سێ مانگ بە شێوەیەکی ئەزموونی پرۆژەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە گەڕەکی شادی لە هەولێر هەڵبژێردرا و کارەبا تێیدا کرایە 24 کاتژمێری، ئەمڕۆش سەردانی گەڕەکەکەم کرد و دانیشتووانەکەی زۆر لە پرۆژەکە ڕازی بوون و بە دڵیان بوو.
مەسرور بارزانی، سوپاسی خاوەن مۆلیدەکان دەکات و دەڵێت: لەو کاتەی کە کارەبای 24 کاتژمێری نیشتمانی نەبووە ئەوان هاوکار بوونە لە پێدانی کارەبا و بەسەر هاووڵاتییان و نەیانهێشتووە هاووڵاتییان بێ کارەبا بن.
هاوکات سەرۆک حکوومەت جەختی لەوە کردەوە، ئامانج لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری ئەوەیە هاووڵاتیی لێی سوودمەندی سەرەکی بێت، بۆیە خاوەن مۆلیدەکان تا ماوەیەک هاوکار دەبن بۆ سەرخستنی پرۆژەکە.
باسی لەوەش کرد، جگە لە گەڕەکی شادی، وەکو قۆناغی دووەمی پرۆژەکە سبەی گەڕەکی نازنازیش کارەبای دەبێتە 24 کاتژمێری، دوای ئەویش گەڕەکی بەختیاری کارەباکەی دەبێتە 24 کاتژمێری.
مەسرور بارزانی، ئاشکرای کرد، هاوتەریب لەگەڵ ئەوی لە هەولێر ئەنجام دراوە قۆناغ بە قۆناغ کارەبای پارێزگاکانی دیکە و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری، ئێستا چەند گەڕەکێک لە شاری سلێمانی دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی پرۆژەکە تێیاندا جێبەجێ بکرێن و داوا لە دەسەڵاتی جۆخێی کراوە هاوکار بن رێکارەکان بگرنەبەر.