مەسرور بارزانی: کۆتایی بە کێشەی 30 ساڵەی کەمی کارەبا دەهێنین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: پڕۆژەی ڕووناکی تا ساڵی 2026، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات و بەم شێوەیەش بەیەکەوە کۆتایی بەم کێشەیە دەهێنین کە زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە.

پێنجشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) نوسیوویەتی: سەردانی گەڕەکی شادیم لە هەولێر کرد و دڵخۆشبووم کە زۆر ڕازی بوون لە کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێری.

مەسرور بارزانی دەڵێت: پرۆژەی ڕووناکی تا ساڵی 2026، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات، ئێستا لە سلێمانی و دهۆک گەڕەکە سەرەتاییەکان دیاریکراون بۆ ئەوەی پرۆژەکەی تێدا جێبەجێ بکرێت.

جەختی لەوەش کردەوە، بەم شێوەیەش بەیەکەوە کۆتایی بەم کێشەیە دەهێنن کە زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە.