سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی: حکوومەت هاریکاریی هەر کەسێک دەکات پرۆژەی هەبێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی چینوتوێژه‌كانی پارێزگای دهۆك تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ندان پرس و بابه‌ت، كشتوكاڵ و پرۆژه‌ی بچووك یه‌كێك بوو له‌و بابه‌تانه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر كرده‌وه‌ و گوتیشی، هه‌ر كه‌س ویستبێتی پرۆژه‌یه‌كی بزنسی پێشكه‌ش بكات و له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پشتگیری بكرێت، پرۆژه‌كه‌ی لێ وه‌رگیراوه‌.

سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ئایا به‌رنامه‌ و پلانیان بۆ پرۆژه‌ی بچووكی كشتوكاڵی له‌ كابینه‌ی داهاتوودا چییه‌ به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی ڕۆڵیان له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌بێت، گوتی: به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌رنامه‌ی له‌م شێوه‌یان له‌ كابینه‌ی داهاتوودا ده‌بێت، نه‌خاسمه‌ كه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌میشدا هه‌وڵی له‌م شێوه‌یه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌رچاوڕوونی پێویست نه‌بوو و هه‌وڵه‌كان زیاتر بۆ دۆزینه‌وه‌ی كه‌موكوڕییه‌كان بوون له‌م بواره‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌ك دابنێن به‌ باشی بكه‌وێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵك.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دواتر پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا ڕاگه‌یه‌ندرا، كه‌ پرۆژه‌ی "گه‌شانه‌وه‌" بوو. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئه‌ركی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواست بوو بۆ پرۆژه‌ بچووكه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ر كه‌س ویستبێتی پرۆژه‌یه‌كی بزنسی پێشكه‌ش بكات و له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پشتگیری بكرێت، پرۆژه‌كه‌ی لێ وه‌رگیراوه‌ و دیراسه‌ كراوه‌ و پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه‌، ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی تێدا بووبێت، ده‌ستبه‌جێ وه‌رگیراوه‌ و ده‌ست به‌ ڕێكاره‌كانی هاوكاریكردن كراوه‌.

سه‌رۆك وه‌زیران گوتیشی: ئه‌گه‌ر خوا یاوه‌ر بێت، ئێمه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ به‌رده‌وام ده‌بین و حكوومه‌ت هاوكاریی هه‌ر گه‌نج و هاووڵاتییه‌ك ده‌كات كه‌ پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ و پێشكه‌شی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ پشتگیری بكرێت.