ئەمەریکا و هاوپەیمانان، بە فڕۆکە زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر یەمەن

سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە ئاژانسی هەواڵی "سەبا"ـی یەمەن، سەر بە حووسییەکان ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا دوو هەڵمەتیان بۆ سەر حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن دەست پێ کردووە.
ئەو ئاژانسە ڕوونی کردەوە فڕۆکەکانی ئەمەریکا-بەریتانی بە دوو هەڵمەت شارۆچکەی ڕاس عیسایان بۆمباران کردووە.
فڕۆکە ئەمەریکی-بەریتانییەکان سێ هێرشیان کردووەتە سەر شاری "سەنعا" و هەروەها زنجیرەیەک هەڵمەت لە ڕۆژهەڵاتی شاری "سەعدە"ش دەست پێ کرد.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە، چوار هەڵمەتیان کردە سەر شارەدێی حەییە لە پارێزگای حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژی دووشەممە دوو هەڵمەتیان کردووەتە سەر شارۆچکەی سەلیف لە ڕۆژئاوای پارێزگای حودەیدە.
لای خۆیەوە حووسییەکانی یەمەن لە ڕاپۆرتێکیاندا ڕایانگەیاند "هاوپەیمانی ئەمەریکی و بەریتانی بەردەوامن لە دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر یەمەن و پشتیوانی لە ئیسرائیل."
لە مانگی تشرینی دووەمی 2023ەوە هێرشی حوسییەکان لە دەریا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هاوپەیمانان دەستی پێ کردووە کە بە وتەی خۆیان "پەیوەندییان بە ئیسرائیل و ئەمەریکا و بەریتانیاوە هەیە، ئەمەش وەک پشتیوانی بۆ فەڵەستینییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە."