هێزەکانی ئیسرائیل نەخۆشخانەی ئەندەنوسیا لە غەززە بۆردومان دەکەن
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەندەنوسیا لە باکووری کەرتی غەززە ڕایگەیاند "هێزەکانی ئیسرائیل نەخۆشخانەکە بۆردومان دەکەن و مەترسییەکی زۆر لەسەر کارمەندان و پزیشکان و نەخۆشەکان هەیە."
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئۆکتۆبەری 2024، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەندەنوسیا لە غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "تانکەکانی ئیسرائیل بە تەواوی گەمارۆی نەخۆشخانەکەیان داوە و کارەباکەیان پچڕاندووە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا "هێزەکانی ئیسرائیل نهۆمی دووەم و سێیەمی نەخۆشخانەکەیان بۆردومان کردووە، ئامانجی سوپای ئیسرائیل ئەوەیە، ئەوەی ماوەتەوە لەناوی بەرن و سیستەمی تەندروستی بۆ دانیشتوان نەمێنێت و ناچاریان کات لە غەززە بڕۆن.داگیرکەر بە شێوەیەکی سیستماتیکی سیستەمی تەندروستی لە کەرتی غەززە وێران دەکات."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "بۆ ڕزگارکردنی سیستەمی تەندروستیی ئەوەی ماوەتەوە لە کەرتی غەززە، هەوڵێک بدەن."
نەخۆشخانەکانی باکووری کەرتی غەززە لە ئەنجامی گەمارۆکانی ئیسرائیل بەدەست فشارێکی زۆرەوە گیریان خواردووە، بەو پێیەی سیستەمی تەندروستی لە باکووری کەرتی غەززە و کەمپی جەبەلیا بەدەست فشارەکانەوە گرفتارن، لەگەڵ ئەو گەمارۆ تەواوەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
پێشتر نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومی لە غەززە بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو "نەخۆشخانەکانی باکوور ڕزگار بکەن، بەهۆی خراپتربوونی دۆخەکە هەڕەشەی دەرچوونیان لەسەرە و دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە چڕتر کردەوە."
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە غەززە ڕایگەیاند "سوپای ئیسرائیل بە کۆمەڵکوژی و کوشتنی بە ئەنقەست، پەرە بە پراکتیزەکردنی جینۆساید دەدات لە پارێزگای باکووری کەرتی غەززە، لەنێویاندا کەمپی جەبەلیا."