بایدن:ئاگادارم ئیسرائیل چۆن و کەی وەڵامی ئێران دەداتەوە
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد "زانیاریی تەواو و وردی لەسەر کات و چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لە دژی ئێران هەیە، بەڵام هیچ زانیارییەک نادرکێنێت."
کەناڵی سی بی ئێسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، بایدن بەر لەوەی لە فڕۆکە تایبەتەکەی سەر بکەوێت و ئەڵمانیا بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جێهێڵیت لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکدا گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئاگادارم ئیسرائیل چۆن و کەی وەڵامی هێرشی مووشەکی ئێران دەداتەوە."
هەروەها ڕەتی کردووتەوە، هەرگیز هیچ وردەکاری و زانیارییەک لەم بارەوە بدرکێنێت.
پێشتر ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوی کردبووەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، "ئەمەریکای لە بڕیاری وەڵامدانەوەی سەربازیی لە دژی ئێران ئاگەدار کردووەتەوە و بە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکای گوتووە، هێرشەکانیان بۆ دامەزراوە سەربازییەکان دەبێت، نەک ژێرخانی ئەتۆمی و نەوت."
هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشكرای کردووە "هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران بەر لە 5تشرینی دووەمی 2024 و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەبێت."
ئێران، لە 1ی ئەم مانگە بە هەڵدانی 180 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ڕاشیگەیاند "هێرشەکەی لە وەڵامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان و عەباس نیلفروشان ڕاوێژکاری باڵای ئەمنی سوپای پاسداران لە بەیرووت بووە."