چوار کەس بۆ شوێنگرەوەی یەحیا سینوار  بەربژێرن

پێنجشەممە، 17-10-2024، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "یەحیا سینوار، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەرتی غەززەدا کوژراو، هاوکات کەناڵی 13ـی ئیسرائیلیش ئاشکرای کرد، سینوار لە ناوچەی تەل سوڵتان لە ڕەفەح کوژراوە."

کوشتنی یەحیا سینوار دەبێتە دووەم بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس کە لە دوای ئیسماعیل هەنییە لە ماوەی چەند مانگێکدا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بکوژرێت.

کوشتنی سینوار پرسیارێکی گەورەی جێهێشتووە، کە کێ شوێنی دەگرێتەوە و ئایا حەماس ناوی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی نوێی خۆی ڕادەگەیەنێت یان بە نهێنی دەیهێڵێتەوە لە ترسی ئەوەی نەوەک تووشی چارەنووسێکی هاوشێوەی هەنییە و سینوار ببێت.

هەڵبژاردنی یەکێک بۆ شوێنی یەحیا سینوار؟

هەڵبژاردنەکە زۆر بابەتی لەبەرچاو گرتووە، دیارترینیان، هەڵبژاردنی هەر بەرپرسێکی مەکتەبی سیاسی لە غەززە دەبێتە هۆی تیرۆرکردن یان دەستگیرکردن، لەکاتێکدا بە ناچاری مەترسی دەستگیرکردنی لەسەر دەبێت ئەگەر لەنێو دانیشتووانی کەناری ڕۆژئاوا هەڵبژێردرێت.

ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بزووتنەوەکە لەبەردەم دوو سیناریۆدا بێت، یەکەمیان سەرۆکی مەکتەبی سیاسی خەڵکی دەرەوەی خاکی فەڵەستین بێت، دووەمیان، بە نهێنی هێشتنەوەی ناوی سەرۆکەکە.

کێ شوێنی یەحیا سینوار دەگرێتەوە؟

4 ناوی ئەگەریی هەیە لە بازنەکانی فەڵەستیندا کە ئەمانەن:-

خالد مەشعەل: بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسی

وەک بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوەی وڵات خزمەت دەکات، ناوبراو لە شارۆچکەی سلواد لە کەرتی ڕۆژئاوا لەدایک بووە، بەڵام زۆربەی ژیانی لە دەرەوەی وڵات ژیاوە و لە ماوەی نێوان ساڵانی 1996 بۆ 2017 سەرۆکایەتیی مەکتەبی سیاسیی وەرگرتووە.

موسا ئەبو مەرزوق

بەرپرسی یەکەمی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە بووە لە  ساڵانی 1992 و 1996، لە کەمپی ڕەفەعەوە لە غەززە، هەروەها ئەبو مەرزوق لە ماوەی خولی خالد مەشعەلدا وەک جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیش کاری کردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا خواستی خۆی نەشاردەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکایەتیی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە وەربگرێتەوە و بەشداریی لە هەموو کۆبوونەوەکانی بزووتنەوەکە دەکات و سەرۆکایەتیی شاندەکانی دەکات بۆ وڵاتان.

خەلیل ئەلحەیە

 یەحیا سینوار، کە وەک جێگری سەرۆکی بزووتنەوەکە لە غەززە هەڵبژێردرا، ساڵانێکە لە قەتەر و لوبنان دەژی. چونکە سەنگی سەرەکی بزووتنەوەی حەماس سەرەڕای شەڕەکە هێشتا لە غەززەدایە، ناوی ئەو وەک یەکێک لە دیارترین کاندیدەکان بڵاو دەبێتەوە، بەشداری لە هەموو کۆبوونەوەکانی حەماس لەگەڵ شاندەکان دەکات. بە یەکێک لە بڕیاردەرەکانی ناو بزووتنەوەکە دادەنرێت.

زاهیر جەبارین 

لە ساڵی 2021 بە جێگری سەرۆکی بزووتنەوەکە لە کەرتی ڕۆژئاوا ساڵح ئەلعاروریی هەڵبژێردرا، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی باڵی سەربازی بزووتنەوەکەیە لە کەناری ڕۆژئاوا، لە ساڵی 1987 و دواتر لە ساڵی 1993 دەستگیرکراوە، لەوێ سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، پاشان لە ساڵی 2011 بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئازاد کراوە و ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.

بە شێوەیەکی ئاسایی 50 ئەندامی ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەکە هەر چوار ساڵ جارێک سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کە پێکهاتوون لە 18 کەس هەڵدەبژێرن.

دوایین هەڵبژاردن لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، سینواریش لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا بۆ سەرۆکایەتیی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس هەڵبژێردرا.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment