ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان بەهۆی ڕاپۆرتێکەوە هێرشیان کردە سەر کەناڵی 'ئێم بی سی' لە بەغدا

وێنەی هێرشەکەی سەر کەناڵی ئێم بی سی
وێنەی هێرشەکەی سەر کەناڵی ئێم بی سی

لە نیوە شەوی ڕابردوودا ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان عێراق هێرشیان کردووەتە سەر نووسینگەی کەناڵی "ئێم بی سی" سعوودی، لە بەغدا.

ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاوی کردووەتەوە "هێرشی نیوە شەوی ڕابردووی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، لە ئەنجامی پەخشکردنی ڕاپۆرتێک بووە، کە تیایدا کەناڵەکە گرووپە میلیشیاکانی بە "تیرۆریست" وەسف کردبوو."

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە ""400 تا 500 کەس هێرشیان کردووەتە سەر نووسینگەی کەناڵەکە و ئامێر و کۆمیوتەرەکانیان شکاندووە و بەشێکی باڵەخانەکەیان سووتاندووە."

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش دا "تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد و هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان بە ئاژاوەگێڕەکان کردووە، بەلام هیچ کەسیان دەستگیر نەکردووە."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری باڵەخانەکەدا جێگیر کراون، کە بەگوێرەی خەمڵاندنەکان 65% باڵەخانەکە زیانی بەرکەوتووە."

صابرین نیوز، کە نزیکە لە گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، ڤیدیۆییەکی لە تێلێگرام بڵاوکردەوە، کە ئەو ئەندامانە ئاڵای حزبوڵلای لوبنانی و حەشدی شەعبیان هەڵگرتبوو.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2023، سعوودیە و ئیسرائیل هەنگاوەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەژێر چاودێریی ئەمەریکادا دەست پێ کرد، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە غەززە، سعوودیە دانوستانەکانی ڕاگرت، هەروەها ڕیاز چەندین جار ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت و داوای کۆتایی هێنان بە شەڕەکەی کرد.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment