وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی جۆو بایدن دەداتەوە

عەباس عراقچی: " هەرکەسێک زانیاری دەربارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەبێت بەرپرسیارە"

ئەمڕۆ شەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی هۆشداری لە دەرئەنجامی قسەکانی ئەو دواییەی جۆو بایدن دا، کە لە بەرلین گوتبووی "ئاگادارە چۆن و کەی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئێران."

عەباس عراقچی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" گوتی: "هەرکەسێک زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل کەی و چۆن هێرش دەکاتە سەر ئێران، یان چەک و پشتیووانی بۆ دابین کردبێت، بە شێوەیەکی لۆجیکی بەرپرسیارێتی هەر زیانێکی ئەگەری لە ئەستۆ دەگرێت."

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ بەرلین ڕایگەیاند "دەزانم ئیسرائیل چۆن و کەی وەڵامی هێرشە مووشەکیەکەی ئێران دەداتەوە." بەڵام وردەکاری زیاتری ئاشکرا نەکرد.

ئاماژەی بەوەش کرد "دەرفەتێک هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران، بە شێوەیەک کە ڕەنگە بۆ ماوەیەک کۆتایی بە ململانێی نێوانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بهێنێت".

بایدن باسی لەوەش کرد، پێی وایە "ئەگەری کارکردن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە لوبنان هەیە، بەڵام بابەتەکە لە غەززە قورسترە."